جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ شاندێكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و رایدەگەیەنێت، دەبێت هەموو لایەکمان کاربکەین تا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەشێوەیەکی بنەڕەتی و درێژخایەن چارەسەربکرێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ شاندێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێکهاتبوو لە ئەندامانی لیژنەی ئەوقاف و عەشایر بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە دەباشان بەڕێوەچوو، دکتۆر مەحمود مەشهەدانی رۆڵی سەرۆک مام جەلالی وەبیرهێنایەوە لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و تەبایی و یەکریزی لەنێوان لایەنە عێراقییەکان و سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکاندا و رایگەیاند، لە قۆناغی سەخت و هەستیاری دوای رووخانی رژێمی بەعس سەرۆک مام جەلال وەک پێشەوایەک لە سیاسەتی عێراق دەرکەوت کە بەبێ جیاوازی کۆکەرەوەی سەرجەم دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بوو.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانە، ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەموولایەکمان بە هەمان شێوازی سەرۆک مام جەلال کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو ئاشتەوایی و یەکڕیزی نیشتمانییدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، هەموو کات وتوومانە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە، هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەکان لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام دەبێت بە هەموو لایەکمانەوە کاربکەین لەپێناو ئاشتەوایی و تەبایی زیاتر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەشێوەیەکی بنەڕەتی و درێژخایەن چارەسەربکرێت.