كێن ئەوانەی هەولێریان موشەكباران كرد و لەسەر چی ڕاهێنراون؟

سەرچاوەیەك لە هەواڵگریی عێراق، زانیاری لەبارەی هێرشە موشەكییەكەی دووشەممەی ڕابردووی سەر شاری هەولێر ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، “ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجامداوە، سەر بە سەرایا ئەولیاء ئەلدەم بوون، بەڵام حزبوڵای عێراق ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی هێرشەكەی كردووە.”

دوای هێرشەكەی سەر شاری هەولێر كە بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بە دیاریكراوییش هێزەكانی ئەمریكای لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چەند گەڕەكێكی ناوشاری كردەئامانج و بەهۆیەوە چەندین كەس كوژران و برینداربوون، گرووپی سەرایا ئەولیاء ئەلدەم كە گرووپێكی چەكداری شیعەی عێراقیی نزیك لە ئێرانە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكە ڕاگەیاند.

ئەو ڕاگەیەندراوەی كە تیایدا گرووپەكە بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر هەولێر ڕاگەیاند

ئەمشەو پێنجشەممە 18ی شوبات، سەرچاوەیەك لە هەواڵگریی عێراق كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرابكرێت، لێدوانی بۆ “كەناڵی حوڕە ئەلعێراق” داوە و چەندین زانیاری لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە و ئەو گرووپ و لایەنانەی لە پشتیانەوەن و ئامانجی هێرشەكە ئاشكراكردووە.

سەرچاوەكە ڕایگەیاندووە، “سەرایا ئەولیاء ئەلدەم گرووپێكە ڕاستەوخۆ سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، بەڵام ئەوەی هێرشەكەی ئەنجامداوە، كەتائیبی حزبوڵایە.”

بە وتەی سەرچاوەكە، “ئەندامانی سەرایا ئەولیاء ئەلدەم لە بنەڕەتدا كۆمەڵەیەكی هەڵبژێردراوی كەتیبەكانی حزبوڵان، لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و كردەی جۆریی ئاستبەرز مەشقیان پێكراوە.”

سەرچاوەكەی هەواڵگریی عێراق لە لێدوانەكەیدا بۆ “حوڕە عێراق” ئاشكرایكردووە كە “سەرایا ئەولیاء ئەلدەم” پێش ئەنجامدانی هێرشەكەیان بۆسەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ناسراو نەبوون و پێدەچێت هەر لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان-ـەوە هێرشەكەیان ئەنجامدابێت.

ئاماژە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو گرووپەش دەكات و دەڵێت، “سەرایا ئەولیاء ئەلدەم لە كۆتایی مانگی ئابی ساڵی 2020ـدا دەركەوت، دوای ئەوەی ئەوكات ئەنجامدانی دوو هێرشی بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە سەربازگەی تاجی لە باكووری بەغداد لە ئەستۆگرت”، ئەوەش بەرلەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو سەربازگەیە بكشێنەوە و بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان بەغداد و واشنتن، ڕادەستی هێزەكانی عێراقی بكەنەوە.

سەرایا ئەولیاء ئەلدەم “بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لای دەزگا ئەمنییەكانی عێراق هەن، ژمارەیان نزیكەی 150 کەس دەبێت، کە لە كەسانی شارەزا و سەربازی و شەڕكەر و پیاوی ئایینی و هەواڵگری و لۆجستی یاخود هونەریی پێكدێن”، وەك سەرچاوەكە ئاماژەی بۆكردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە گرووپەكە “ئەنجومەنێکی شورای هەیە كە لە پێنج سەركردە پێکهاتووە نەك تەنها یەك سەركردە، ئەركی ئەندامانی گرووپەكە، زیاتر ئەنجامدانی كردەی جۆرییە كە كاریگەریی سیاسی و ئەمنیی بەهێزی هەبێت.”

وەك حوڕە عێراق لە زاری سەرچاوەكەی هەواڵگریی عێراقەوە بڵاویكردووەتەوە، ئێستا ئەستەمە  بنکە و بارەگای ئەو گرووپە بزانرێت و دەستنیشان بكرێت، گرووپێك كە ئەركی ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی پێسپێردراوە، كە دژ بە چالاكیی ئەو وڵاتانەن كە لەسەر گۆڕەپانی عێراقدا هەن و دژایەتیی ئێران و هەژموونەكەی دەكەن.”

سەرچاوەكەی هەواڵگریی عێراق دەشڵێت، “میكانیزمی بڕیاردان لەناو گرووپی سەرایا ئەولیاء ئەلدەم لەڕێگەی شورا و ڕاوێژەوە پەیڕەوی لێدەكرێت و دەبێت هەموو ئەو هێشانەی ئەنجامیان دەدەن، ئامانجی خوازراو بپێكن و پەیامە سیاسی یاخود هەواڵگرییەكەیان بگەیەنن بەو لایەنەی دەیكەنەئامانج.”

شەوی دووشەممە 15ی شوبات، 14 موشەک ئاڕاستەی چەند ناوچەیەكی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كران، بەشێكیان نران بە بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکانەوە و چەند مووشەکێکیش لەناو شاری هەولێر کەوتنەخوارەوە، كە بەهۆیانەوە چەندین كەس كوژراون و برینداربوون، ژمارەیەك لە قوربانییەكان وەك بەڵێندەر و پاسەوان لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكادا كاردەكەن و یەكێك لە بریندارەكان سەربازێكی هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

بابەتی پێشتر

سلاڤیا پراگ 0-0 لیستەر سیتی

بابەتی دواتر

سەرچاوەیەكی ئەمنی: هێرشەكەی داعش لە گوڵاڵە زیانی گیانی بەدواوە نەبوو

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژێك پشوو راگەیەندرا

بەهۆی جەژنی نەورۆزەوە، عێراق پشووی فەرمیی راگەیاند. لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی سێشەممەی داهاتوو 21ـی ئازاری…
Total
0
Share