دوای بڵاوبوونەوەی “دەنگۆی” هێرشی چەكداری لە ناوەندی شاری كەركوك و جووڵاندنی هێز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای كەركوك راستیی رووداوەكە بۆ ئێستا ئاشكرادەكات.
موقەدەم – عامری نوری وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای كەركوك بە ئێستای راگەیاند، “ئەو دەنگۆیەی بڵاوكراوەتەوە كە گوایە هێرشێکی چەکداری لە گەڕەکی (ساحە تەیەڕان)ـی كەركوك ئەنجامدراوە و جووڵە بە هێزی پۆلیس كراوە، راستنییە و ئەوەی روویداوە دەمەقاڵێی نێوان كارمەندێكی پۆلیس و ماڵی خەزووریەتی و سنووری “دەمەقاڵێی تێنەپەڕاندووە”.
وتیشی، كارمەندەكەی پۆلیس تەنانەت چەكدار نییە و بەهۆی لەدەستدانی رێژەی 35%ـی بیناییەوە، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە لە ئەركی چەكهەڵگرتن بەخشراوە و كاری كارگێڕی دەكات.
ئەمڕۆ چەند دامەزراوەیەكی میدیایی بڵاویانكردەوە، “شەڕی چەكداری لە كەركوك روویداوە و پۆلیس لایەنێكی شەڕەكە بووە و هێزی جووڵاندووە”، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك رایگەیاند، “چەك بەكارنەهاتووە و تەنانەت یەك تەقەش نەكراوە، ئەوانەی ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاودەکەنەوە، ئەجێندایان لە پشتەوەیە” و داوای لە میدیاکاران كرد بەدواداچوون بۆ راستیی زانیارییەکان بکەن پێش بڵاوکردنەوەیان.