کەشتییەکی ئاسمانیی چینیی گوماناوی دوای نزیکەی 300 رۆژ گەڕایەوە سەر زەوی

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، کەشتیی ئاسمانیی ئەزموونی وڵاتەکەیان دوای مانەوەی لە خولگەکەی بۆ ماوەی 276 رۆژ گەڕایەوە سەر زەوی.

ئاماژە بەوەکراوە، کەشتییەکە بێ سەرنشینە و رۆژی دووشەممە گەڕایەوە ناوەندی هەڵدانی مانگە دەستکردەکانی جیوکوان لە باکووری رۆژئاوای چین.

کەشتییە ئاسمانییەکە بە مەبەستی تاقیکردنەوەیەکی زانستی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لەبارەی ئەوەوە نەوتراوە کە تاقیکردنەوەکە چی بووە و ئەنجامەکانی چی بوون، هەروەها هیچ لەبارەی گەشتەکەوە نەخراوەتەڕوو کە چەند فڕیوە و چەند لە زەوی دوورکەوتووەتەوە.

میدیای چین رایگەیاندووە، تاقیکردنەوەکانی ئەو کەشتییە ئاسمانییە پێشکەوتنێکی “گرنگ” بووە لە توێژینەوەکانی چین سەبارەت بە تەکنەلۆژیای دووبارە بەکارهێنانەوەی کەشتییە ئاسمانییەکان، کە شێوازێکی گونجاو و هەرزان بۆ ئەرکە ئاسمانییەکانی داهاتوو دابیندەکات.

شرۆڤەکارانی سۆشیال میدیای چین پێشبینییان کردووە کە پەکین خەریکی پەرەپێدانی کەشتییەکی ئاسمانیی هاوشێوەی فڕۆکەی X-37B ی هێزی ئاسمانیی ئەمریکایە، کە فڕۆکەیەکی بۆشایی ئاسمانیی بێ سەرنشینە و دەتوانێت بۆ چەندین ساڵ لە خولگەکەیدا بمێنێتەوە.

فڕۆکەی X-37Bی ئەمریکی کە سەرنشینی نەبووە و دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا گەڕایەوە سەر زەوی و لە ئەرکی شەشەم و کۆتا ئەرکی خۆیدا دوای زیاتر لە 900 رۆژ لە خولگەکەیدا.

بابەتی پێشتر

نهێنییەكی پشت هاوسەرگیریی سەركەوتوو ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

وردەكاریی پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە توێژێكی مووچەخۆران ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share