پەرلەمانتارێك رایدەگەیەنێت، كابینەی نۆیەم پڕیەتی لە زیهنی سیخوڕیکردن و تۆقاندن و زەمینەسازی بۆ دیکتاتۆریەت و دەشڵێت، لەم کابینەیەدا مەسرور بارزانی بڕیاردەدات و ئومێد سەباح دەینوسێت و رێبەر ئەحمەد جێبەجێی دەکات و جوتیار عادل (محەمەد سەعید سەحاف) دەیگەیەنێت.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا دەڵێت، كابینەی نۆیەم کابینەیەکی ئەمنیی پارانۆیدە و، پڕیەتی لە زیهنی سیخوڕیکردن و تۆقاندن و زەمینەسازی بۆ دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن و کوشتن و بڕین؛ ئەم هەموو رووداوی کوشتن و لێدان و ئەتککردنەش، مسۆگەر دەرهاویشتەی زیهنیەتی ئیدارەدانی کابینەکەیە.
“ئەم کابینەیە هەر لە ئیدارەدانەوە بگرە تا دەربڕین بە خراپترین شێوە فەشەلی هێناوە. زمانی ئێستای حکومەت و نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و وتەبێژەکەی لە هەر کاردانەوەیەک، زمانێکی ئاستنزمی رێزمانی و دەربڕینێکی جاهلیانەی سەردەمی شەڕی ناوخۆییە؛ ئەگەر ئەمە زمانی سەرۆکی حکومەت لە هەڕەمەی هەرە سەرەوەی ئیدارەدان بێت، بێشک هیوایەک نامێنێ بۆ گەشەسەندن و بەرەوپێشبردنی وڵات؛ بە پێچەوانەوە، هەموو چاوەکان لەسەر دوا بزماری تابووتی ئەم جەهالەتە و جەهەننەمە دروستکراوە دەبن!” گەزنەیی لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا وا دەڵێت.
ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرباری نادادی، گەندەڵی، بیرۆکراسیەت، ژێرپێخستنی یاسا، ناشەفافیەت، تاڵانی، تۆقاندن و سیاسەتی برسیکردن، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و جومگەکانی حکومڕانی دووچاری شەلەل و داڕمان بوون. وێڕای رێز بۆ هەر کەسێکی دڵسۆز، بەڵام سەرجەم بەرپرسانی شوێنە ئاماژە بۆکراوەکانیش، تەنها دەوری فەرمانبەر و تێپەڕاندنی رۆتینی رۆژانە دەبینن، نە زیاتر.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشیدەكاتەوە، “بەزمانێکی دیکە، لەم کابینەیەدا، مەسرور بارزانی بڕیاردەدات و ئومێد سەباح دەینوسێت و رێبەر ئەحمەد جێبەجێی دەکات و جوتیار عادل (محەمەد سەعید سەحاف) دەیگەیەنێت”.