وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق ئاشكرایكرد، مووچە بۆ هەموو بەساڵاچووان دابیندەكرێت.
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بەساڵاچووانیش دەگرێتەوە و گشت ئەو كەسانەی لەو تەمەنەدان، مووچەیان پێدەدرێت.
راگەیەندراوی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ئەسەدی جەختیكردووەتەوە لەوەی رێكارەكانی دەستەبەركردنی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی تایبەت بە بەساڵاچووانیان تەواوكردووە و سەرجەمیان لەو مووچەیە سوودمەند دەبن.
بڕیاری دابینكردنی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ بەساڵاچووان، دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و چاوەڕواندەكرێت دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، بڕیارەكە جێبەجێبكرێت.