لە شاری وێڵزی بەریتانیا مەڕ و بزن بە کۆڵانەکانی ئەو شارەدا بڵاودەبنەوە، خەڵک سکاڵایان لای حکومەت کردووە بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام حکومەت رەتیکردووەتەوە و رایگەیاندووە بەندکردن و نەزۆک کردنی ئەو ئاژەڵانە کاری حکومەت نییە.
لە راپۆرتێکی رۆژنامەی (METRO)ی بەریتانیدا هاتووە، دانیشتووانی شارۆچکەی لاندودنۆ-ی باکووری وێڵز ناڕەزاییان بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری مەڕ و بزن لە گەڕەکەکاندا دەربڕی، کە گوڵ و درەختەکانیان دەخۆن و تێکیان دەدەن، داوایانکرد، حکومەت سیاجی رێگر و هەڵمەتی کۆکردنەوەی ئەو ئاژەڵانە دەستپێبکات هەروەها نەزۆک بکرێن بۆئەوەی زیاتر نەبن.
بەڵام ئەنجومەنی ناوچەکە رایگەیاند کە ئەوان بەرپرسیارێتیی ئەوە ناگرنەئەستۆ چونکە بە ئازادی دەسوڕانەوە و خاوەن ماڵەکان خۆیان بەرپرسیارن لە باخچەکانیان و پاراستنیان.
ئەنجومەنەکە دەڵێت، بزنەکانی لاندودنۆ زیاتر لە 100 ساڵە لە شوێنێکی کێویدا دەسوڕێنەوە و ئەوان ئاژەڵی کێوین بۆیە حکومەت ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.