مشتومڕەكان لەبارەی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵەوە بەردەوامن، وڵاتێك هەینیی بە یەكەم رۆژی جەژن دیاریكردووە و وڵاتێكی دیكە شەممە و ئەوانی دیكەش چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی بابەتەكەن.
پێشتر هەریەك لە سعودیە و قەتەڕ بە نافەرمی رۆژی هەینییان بە یەكەم رۆژی جەژن دیاریكردبوو، ئەمڕۆ دامەزراوەیەكی گەردوونناسیی میسر سبەینێ هەینیی وەك یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەستنیشانكرد و مسوڵمانانی ئوسترالیاش، رۆژی شەممەیان بە یەكەم رۆژی جەژن دیاریكردووە.
مولهیم هندی پسپۆڕی بواری گەردوونناسی لە زانكۆی شا عەبدولعەزیز لە سعودیە دەڵێت، “زۆر ئەستەمە ئێوارەی ئەمڕۆ مانگ بە چاو ببینرێت، بۆیە بە تەكنۆلۆژیای وێنەگرتنی ژێرسوور (CCD) وێنەی مانگ بڵاودەكرێتەوە”.
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو مشتومڕەدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیمانگەی توێژینەوەی گەردوونی و جیۆفیزیكی لە میسر رایگەیاند، سبەینێ هەینی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.
ئەوەی بابەتەكە بۆ زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامی یەكلادەكاتەوە كە سبەینێ بەرۆژووببن یاخود جەژن بگێڕن، بینینی مانگە بە تەكنۆلۆژیای وێنەگرتنی ژێرسوور لەلایەن سعودیە و راگەیاندنی جەژنە بە فەرمی.