بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوو تۆمەتبار دەستگیركراون یەكێكیان دزیی لە كۆگایەك كردووە و ئەوی دیكەیان پارەی لە هاوڵاتییەك دزیوە.
كەمێك لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە دوو چالاكیی جیادا و بە تۆمەتی دزیكردن، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین و پۆلیسی رێككاری دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە یەكێكیان لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك دەستگیركرا، دوای ئەوەی هاوڵاتییەكە سكاڵای تۆماركرد بەوەی كە تۆمەتبارەكە دزیی لە كۆگاكەی كردووە.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، تۆمەتبارەكە لەدایكبووی 1991ـە و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.
لەبارەی تۆمەتباری دووەمەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكردووە، لەدایكبووی 1992ـە و بە ناسنامە عەرەبی سوریایە، لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بڕێک پارەی لە هاوڵاتییەك دزیوە و بەو تۆمەتە دەستگیركراوە.