ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێكی تایبەت بە خوازیارانی خوێندنی باڵا دەركرد.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ژمارە (1)ی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە سەرپەرشتیى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە ئامادەبوونی بریكاری وەزیر و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی راوندی دووەمی خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا و دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2023- 2024) كرا و چەند بڕیارێك دران:
– یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان کە دانەمەزراون، لە تەواوى کرێى خوێندنى ساڵانە بەڕێژەى (100%) دەبەخشرێن ئەگەر هاتوو لە خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران.
– کەسوکارى پلە یەكى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، هەروەها لەکاتى دەرچوون و وەرگیرانیان لە خوێندن، ناوبراوان مۆڵەتى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو پێدەدرێت و ناچنە کێبڕکێى پلانى مۆڵەتى خوێندن لە سەرجەم دامودەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.
– نابینایان بە ڕێژەى (100%) لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەت، لە کاتى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلانى پەسەندکراو بۆ تەرخان دەکرێت بە مەرجى دەرچوون لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى.
– تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا، لەلایەن زانکۆکان ئەنجامدەدرێت کە پێویستە رەچاوى بنەماکانى دادپەروەری و شەفافیەت و یەکسانی بکرێت و دوور لەهەر مەنسوبیەت و مەحسوبیەتێک پرۆسەکە چاودێری و جێبەجێ بکرێت.
– فەرمانبەرانى دامەزراوى حکومى ئەگەر هاتوو تاوەکو رێکەوتى (2023/9/1) دوو ساڵ بەسەر خزمەتى کردەکى لە راژە پاش وەرگرتنى دوایین بروانامەى پەسەندکراو تێپەربێت، بۆیان هەیە داواکارى پێشکەش بکەن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر یان دکتۆرا.
– ئەنجومەنى وەزارەت جەختى کردەوە کە پرۆسەى خوێندنى باڵا/دکتۆرا و ماستەر و دیبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان ساڵانە بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێندرێت درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن.
– ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە دروستکردنی کارتی زیرەک (سمارت کارت) بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلکترۆنیکردن و ئاسان جێبەجێکردنی کاروبارە دارایی و کارگێرییەکانی قوتابیان و خوێندکاران.
– دامەزراندنى سەنتەری راوێژکاریى خوێندکاران/ قوتابیان لە سەرجەم لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، کە ئامانج لە دامەزراندنى ئەم سەنتەرە بریتیە لە پشتیوانیکردن و رێنوێنیکردنى خوێندکاران/ قوتابیان لەڕووی رێنوێنی یاسایی و دەروونی و پەروەردەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان، ئەم سەنتەرە راوێژکارییە تەنها تایبەت دەبێت بە کاروبارى قوتابیان و خوێندکاران و کەسێک بە پلەى بەڕێوەبەر بەڕێوەیدەبات.