قوباد تاڵەبانی: گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، گرنگ ئەوەیە بتوانین مووچەی مووچەخۆران دابینبکەین

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، لەم بارودۆخەی ئێستادا، چ لەڕووی یاساییەوە بێت، چ لەڕووی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدراڵییەوە بێت، رێگایەكی تر لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا نەبووە جگە لە رێككەوتن و رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە.

دەشڵێت، “ئەگەر چی دەبوو پێشتر و بەرەزامەندی خۆمان ئەم كارەمان بكردایە، نەك دوای بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەكان، بەڵام ئێستاش هەر بەهەنگاوێكی دروستی دەزانین لەپێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی یەكجاری ئەم كێشەیە لەداهاتوودا”.

قوباد تاڵەبانی دووپاتیكردەوە كە وەك پێشتر لەچەندین بۆنەدا جەختمان كردووەتەوە؛ گرنگ نییە كێ نەوت دەفرۆشێت، گرنگ ئەوەیە بتوانین مووچەی مووچەخۆران دابینبكەین و خزمەتگوزاری پێویست پێشكەشبكەین و لەهەمانكاتدا هەنگاو بنێین بەرەو رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز و پەسەندكردنی یاسای بودجە و گێڕانەوەی سەقامگیریی ئابوری لە هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت، “ئێستا كاتی ئەوە نییە خۆمان بە پاڵەوان دەرخەین، كاتی ئەوەیە دان بەهەڵەكانماندا بنێین بۆ ئەوەی بەڕوونی گرفتەكان ببینین و چارەسەریان بكەین لەپێناو خۆشگوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو نیازپاكییەی ئێستا هەیە وەك دەرفەتێك بقۆزینەوە هەموو لایەكمان هەوڵبدەین یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجە بە باشترین شێوە و لە نزیكترین ماوەدا پەسەندبكرێن”.

باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان لە ماوەی نزیكەی دە ساڵی رابردوودا زیانی گەورەی بەركەوت، گەشەی ئابوری و بەشێكی زۆری پڕۆژەكان وەستان، پێدانی مووچەی مووچەخۆران تووشی گرفت بوو، لەو ماوەیەدا بەهۆی ناسەقامگیری و نەبوونی بەرچاوڕوونی لە داهات، هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بودجە بەڕێوەچووە، هەموو ئەمانەش هۆكاربوون بۆ كەمبوونەوەی متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوەكان، بۆیە لەمەودوا هیچ بیانوویەك نامێنێت لەبەردەم پەسەندكردنی بودجەیەكی شەفاف لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.

وتیشی، “لە ئێستا بە دواوە و لە دوای ئەم رێككەوتنە، گەشبینین هەموو لایەكمان بە ئەزموون وەرگرتن لە رابردوو هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە بۆ بونیادنی حكومڕانییەكی دروست و متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوەكان بەهێزبكەینەوە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان وەگەربخەینەوە، لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا شەفافییەت پەرەپێبدەین و دادپەروەری لە دابەشكردنی داهات و خزمەتگوزارییەكان لە نێوان هەموو پارێزگاكاندا بەبێ جیاوازی دابینبكەین”.

راشیگەیاند، لە دوای نزیكەی دە ساڵ قەیران و ناخۆشی، ئێستا دەرفەتێكی زێڕین هاتووەتە ئاراوە، پێشتر زۆرجار دەرفەتەكان لەباردەچوون، هەربۆیە دەبێت هەموو لایەكمان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەرفەتەدا بكەین، نەك هەر نەهێڵین لەبار بچێت، بەڵكو بیقۆزینەوە بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو و گەڕاندنەوەی هیوا بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان”.

بابەتی پێشتر

چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خوازیارانی خوێندنی باڵا دەرچوو

بابەتی دواتر

دهۆك.. لە پێكدادانی سێ ئۆتۆمبێلدا منداڵێك گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share