ئەستێرەی یانەی یوڤانتۆس، پاولۆ دیبالا لە بەردەم ئەگەرەکانی نوێکردنەوەی بۆندەکەیدایە و دەکرێت بۆ داهاتوو ببێتە یەکێک لە 20 گرانبەهاترینەکەی ئەوروپا.
ئەستێرەکەی ئالبی سیلیستی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، کە لێپرسراوی کارەکانی لەلایەن ئیدارەی یانەی یوڤانتۆسەوە بەهیچ شێوەیەک بۆ نوێکردنەوەی بۆندەکەی بانگهێشتنەکراوە، بەڵام دواتر ئەندریا ئانێلی سەرۆکی بیانکۆنێری وەڵامیدایەوە و ڕایگەیاند، ” دیبالا دەبێتە ئەستێرە و سەرکردەی داهاتوو، ئێمە ئۆفەری نوێمان خستووتە بەردەست”.
سەرۆکی یانەی خانمە پیرەکە دووپاتیکردەوە، لە خۆشەویستی یاریزانە ئەرجەنتینیەکە بۆ یوڤی تێدەگەن و دەشزانن لە خەمی نوێکردنەوەی بۆندەکەیدایە، بەڵام داوایلێکرد سەرنج لەسەر ڕوبەڕوبوونەوەکان بدات.
ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ئەو ئۆفەرەی پێشکەشی دیبالا کراوە تیایدا موچەی ساڵانەی بە زیاتر لە 10 ملیۆن یورۆ بۆ تەرخانکراوە، پاش ئەوەی لە هاوینی 2022 بۆندەکەی کۆتاییدێت، بەڵام جەمسەری یاریزانەکە لەهەوڵدان لە وەرزی داهاتووەوە بۆندەکە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵیش نوسیویەتی، “بەردەوامبوونی دیبالا بابەتێکی حەتمییە، تەنها لەسەر کات وەستاوە، بەڵکو هەمووان داوای بەردەوامبوونیان کردووە و گرنگتر کار لە ئێستادا بیکات سەرنجدانە لە کێبڕکێکانی ئەم وەرزە و گەڕاندنەوەی ئاستی سەردەمی ڕابردوویەتی، ئەوەش خواستی هاندەران و ئیدارەی یانەیە”.
دیبالای تەمەن 27 ساڵ لە هاوینی 2015وە درێسی بیانکۆنێری پۆشیوە، لەکۆی خول و پاڵەوانێتیەکان 240 یاری ئەنجامداوە و 97 گۆڵی تۆمارکردووە و 38 گۆڵی بۆ یاریزانانی دیکە ڕەخساندووە، یانەکانی بەرشلۆنە و مانچستەر یونایتد لە ئەگەری نوێنەکردنەوەی بۆندەکەیدا ئامادەییان نیشانداوە تەواوی مەرج و داواکارییەکانی جێبەجێبکەن.