وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ئەو رێژە بەرزەی بارانبارین کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بەرزدەبێتەوە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، “بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، جگە لە وێستگەکانی گاز و نەوتی رەش و گازوایل، پشت بە دوو وێستگەی گەورەی کارۆئاوی دەبەستێت، ئەوانیش وێستگەی دەربەندیخان و دوکانن، ئەو دوو وێستگەیە پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن، ئەوەش بە پێی پلانێک بۆ بەردانەوەی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوی حکومەتی فیدراڵ دادەڕێژرێت، بەم شێوەیە کارەبا لەو دوو وێستگەیە بەرهەم دەهێنرێت و تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “هەردوو بەنداو لە چەند رۆژی رابردوودا ئاوێکی زۆریان گل داوەتەوە کە سەرووی 300 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا رژاوەتە بەنداوەکان و لە ئێستادا ئاستی بەرزیی ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 493.43 مەترە و رێژەی ئاو 173 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، سەبارەت بە دەربەندیخانیش، بەرزیی ئاستی ئاو 468.80مەترە و رێژەی گلدانەوەی رۆژانەی ئاو 173 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا”.