ترەمپ نایەوێت خۆی بەدەستەوە بدات

وتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرایكرد، دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە “تانەدان” لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، هەرچەندە جۆ بایدن وەك براوە ڕاگەیەندراوە.

لە نوێترین لێدواندا، كایلی ماكنانی، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاندووە، “هێشتا ترەمپ بەردەوامە لەسەر تانەدان لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بۆ ساڵی 2020”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “دەنگدانی دەستەی هەڵبژاردن تەنها یەك هەنگاوی پرۆسەیەكی دەستوورییە، كەمپینی سەرۆكی ئەمریكا بەردەوامە لە كارەكانی بۆ ئەو مەبەستە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ سێشەممە 15ی كانونی یەكەم، سەرۆكی زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كە لە كۆمارییەكانە پیرۆزبایی لە جۆ بایدن كرد وەك سەرۆكی نوێی ئەمریكا.

لەسەرەتای هەلبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكاوە، دۆناڵد ترەمپ گومانەكانی لەسەر دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بەردەوامە و دەیان سكاڵای تۆماركردووە.

بەڵام لە جەژنی سوپاسگوزاریدا كاتێك پرسیار لە ترەمپ كرا گەر بردنەوەی بایدن یەكلا ببێتەوە كۆشكی سپی جێ دەهێڵێت؟، ترەمپ وتی، “بە دڵنیاییەوە جێی دەهێڵم، ئێوەش ئەوە دەزانن، بەڵام داننان بە دۆڕاندندا زۆر قورسە”.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید 3-1 ئەتلەتیک بلباو

بابەتی دواتر

ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share