ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێشنیازێك گەڵاڵەكراوە بۆ زیادكردنی مووچە و دەرماڵەی مووچەخۆران كە ئەگەر پەسەندبكرێت دەخرێتە پڕۆژەیاسای بودجەوە و كەمترین مووچەش 425 هەزار دینار دەبێت.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی ئەو پێشنیازەی گەڵاڵەكراوە مووچە و دەرماڵەی مووچەخۆران زیادبكرێت و بۆ كەمترین مووچەش 425 هەزار دینار جێگیربكرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشنیازكراوە دەرماڵەی نێوان وەزارەتەكان رێكبخرێنەوە و ئەو جیاوازییەی لەنێوان بابەتی دەرماڵە و مووچەدا هەیە هاوتابكرێت.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی وردەكاریی زیاتری ئاشكراكرد و وتیشی، “بابەتی زیادكردنی مووچە و جێگیركردنی لە پڕۆژەیاسای بودجەی حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و تائێستا لە هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستیپێنەكردووەتەوە”.