دەستەی كەشناسیی عێراق دەڵێت، لە سبەینێوە شەپۆلێكی بارانبارین دەستپێدەكات و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق، پێشبینییەكانی بۆ كەشوهەوای رۆژانی داهاتوو بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لێزمەباران دەستپێدەكاتەوە.
بەپێی راگەیەندراوی دەستەی كەشناسی، سبەینێ چوارشەممە شەپۆلێكی فراوانی بارانبارین روو لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات و هەورەبروسكەی لەگەڵدا دەبێت، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆدا لە ناوچەكانی خۆرهەڵات ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
لەبارەی كەشوهەوای رۆژی پێنجشەممەی داهاتووەوە كەشناسی ئاشكرایكردووە، كەش باراناوی دەبێت، لە ناوچەكانی باكوور و خۆرئاوا هەندێك كات نمەباران دەبارێت و رۆژی هەینی شەپۆلەكە كۆتاییدێت و كەشی گشت ناوچەكان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.