گەورەترین دیداری سیاسی لە سلێمانی رێكدەخرێت

دیدارى سلێمانى کۆنفرانسێکى ئاستبەرزى سیاسییە و تیشک دەخاتەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقاى باشوور و لەلایەن پەیمانگاى لێکۆڵینەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) لە زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى بەڕێوەدەبرێت، ئەمساڵ دەبێتە گەورەترین چالاكیی سیاسی لە شاری سلێمانی.

ئەمە بۆ جارى حەوتەمە زانکۆى ئەمەریکى لە سلێمانى دیدارى لەم جۆرە سازدەکات و تیایدا بابەتەکانى وەک سیاسەت، ئابورى، ژینگە، یاسا، مافى مرۆڤ، تەندروستى، وزە و چەندین پرسى دیکەى گرنگ باسدەکرێن.

دیدارى سلێمانى رۆژانی 15 و 16ـی ئازار رێكدەخرێت و لە ماوەى دوو رۆژى دیدارەکەدا، کەسانى بیرمەند و پسپۆڕ و شارەزا و بڕیاربەدەستانى ناوچەکە و جیهان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پرسە هەرە دیارە ناوچەییەکانى جیهان و خستنەڕووى بیروبۆچوونەکانى ئێستا و ئەو خاڵانەى جێى ناکۆکین، ئەمە دەرفەتێکى دەگمەنە بۆ کۆکردنەوەى کەسانى خاوەن بەرژەوەندى لە کاروبارى هەرێمى لەگەڵ کەسانى بیرمەند و سیاسى، لەپێناو ئەنجامدانى گفتوگۆیەکى سیاسى و ستراتیژى کە لە جیهانى ئەمڕۆدا جێى بایەخ و گرنگیپێدانن.

دیدارى سلێمانى لەلایەن راگەیاندنەکانەوە گرنگییەکى بەرچاوى پێدەدرێت و چەندین چاوپێکەوتن و ئاڵوگۆڕى زانیارى لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکاندا ئەنجامدەدرێن کە دواجار پێشنیاز و چارەسەر بۆ پێشهات و کێشە ناوخۆیى و جیهانییەکان دەخرێنەڕوو.

دروشمى ئەمساڵى دیدارەکە بریتییە لە “پاش 20 ساڵ: عێراق و ناوچەکە لە نێوەندى ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان”ـدا.

جگە لە بەشداربووانى ناو دیدارەکە، ژمارەیەکى زۆر لە رۆژنامەنووس و کەناڵى راگەیاندنى ناوخۆ و بیانى سەرقاڵى رووماڵکردنن و وەک رووداوێکى گرنگى راگەیاندن لێیدەڕوانرێت.

دیدارى سلێمانى هەوڵدەدات بیرۆکە و گفتوگۆکان وەربگێڕێتەسەر کردار و سیاسەتى کۆنکرێتى کە بتوانێت گۆڕانکارى لە ژیانى خەڵکدا دروستبکات.

بابەتی پێشتر

قوتابخانەیەک لە کاتی دەوامی فەرمیدا بەسەر خوێندکارەکاندا رووخا

بابەتی دواتر

نرخی نەوت بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share