بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان كۆبووەوە

بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێكی باڵای هاوپەیمانان كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە “ھەماھەنگی و ھاریکاریی زیاتر لەنێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرا”.

لە ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە شاندێكی باڵای سەربازی کە پێکهاتبوون لە جەنەراڵ کەڤن کۆپسی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و جەنەراڵ پرینسپێ، جێگر و نوێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی سەربازیی یاوەریان.

ئاماژە بەوەشكراوە، “لە دیدارێکدا کە مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی 70 و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگە و وەستا رەسوڵ، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکایەتیی یەکێتی ئامادەبوون”.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی “ھەماھەنگی و ھاریکاریی زیاتر لەنێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەپێناو سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە”.

“بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە جموجوڵەکانی تیرۆریستانی داعش کرد بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ڕایگەیاندووە، هێشتا مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کۆتاییان نەهاتووە، بۆ ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگیی هاوپەیمانانی بە گرنگ وەسفکرد و داواشیکرد بەردەوامبن لە مەشقپێکردن و پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە و ڕاھێنانیان لەسەر بنەمای زانستیی سەربازی”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

 

بابەتی پێشتر

ساوزامپتن 1-1 چێڵسی

بابەتی دواتر

پێشنوێژ و وتارخوێنی ئەسفەهان: پاسکیلسواری ژنان و برسێتی وەک یەک مەترسیدارن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share