شارەزایەکی ئابوریی عێراقی رایگەیاندووە کە رێژەی مووچەی کەرتی ئەمنی زیاترە لە نیوەی کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەموو عێراق.
مەنار عوبەیدی رایگەیاندووە، “مووچەی حکومەت لە ساڵی 2022دا بە رێژەی 2.9% زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی 2021، کۆی مووچەی فەرمانبەران 43.67 تریلیۆن دیناری عێراقی بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021دا 42.44 تریلیۆن دیناری عێراقی بووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “مووچە 26.9%ی کۆی داهاتی دەوڵەتی عێراقی بۆ ساڵی 2022 پێکهێناوە”، وتیشی، “مووچەی کەرتی ئەمنی 53.48%ی کۆی مووچەی فەرمانبەران پێکدەهێنێت”.
دەڵێت، “وەزارەتی ناوخۆ زۆرترین رێژەی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ دەڕوات بە رێژەی 27%، دواتر وەزارەتی بەرگری بە رێژەی 16%، دواتر ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم ئۆرگانەکانی سەر بە خۆ بە ڕێژەی %11”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە کۆی 44 دەزگای حکومەت 15 دەزگا 90%ی مووچەیان پێکهێناوە”.