بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ زیادكردنی چەند ماددەیەكی خۆراكی و دابەشكردنی لە مانگی رەمەزان چاوەڕوانی حكومەتی عێراق دەكەین و دەشڵێت، “بڕیارەكە لە بەغداد جێبەجێبكرێت هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە”.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا 4 ماددەی خۆراكی دیكە بۆ بەشەخۆراكی مانگی رەمەزان زیادبكات و بۆ ئەوەش لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا كە رۆژی سێشەممە، بەڕێوەچوو بڕیاری دا بۆ بەشەخۆراكی مانگی رەمەزان، بڕی نیو كیلۆ ئاردی گەنمەشامی (نیشاستە)، یەك كیلۆ شەعریە، پێنج كیلۆگرام ئاردی سفر و یەك تەبەق هێلكە بۆ هەر خێزانێك دابینبكرێت.
شەوكەت محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی حكومەتی عێراق سەبارەت بە زیادكردنی چەند ماددەیەكی خۆراكی چاوەڕوانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەكەین كە بە نووسراوی فەرمی ئاگادارمان بكاتەوە.
ئاشكراشیكرد، هەر بڕیارێك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ زیادكردنی بەشەخۆراكی هاوڵاتییان دەربچێت هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و بۆ ئەوەش چاوەڕوانی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەكەین.