دەقی وتاری بافڵ جەلال تاڵەبانی لە رێوڕەسمی ساڵیادی راپەڕین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

رێوڕەسمی ساڵیادی راپەڕین لە رانیە بەڕێوەچوو و تیایدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی وتارێكی پێشكەشكرد.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتارەكەیدا لە رێوڕەسمی ساڵیادی راپەڕین لە رانیە رایگەیاند، تێكۆشەرانی راپەڕین، پاڵەوانەكانی راپەڕین، یەكێتییەكانی راپەڕین، 32 ساڵ پێش ئێستا خەڵكی كوردستان دەستیانكرد بە رووخاندنی خراپترین رژێمی سەدام حوسێن كە هەموو دونیا لێیدەترسا، بەڵام ئێوە لێی نەدەترسان، ئەمەمان كرد بۆ ئازادی بۆ گەلەكەمان، بۆ كوردستانەكەمان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “كوردستان لەم ساڵانەدا زۆر چووەتە پێشەوە، بەرزیمان بینیوە و نزمیمان بینیوە، ئێستا 2023یە دەمەوێت چەند پرسیارێكتان لێبكەم، رازین بەم دۆخە؟ وەكو پێویست پێشكەوتووین؟ رازین لە دۆخی كوردستان؟ لەهەر چوار پارچەی كوردستان؟”.

ئەوەشی خستەڕوو، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش رازی نییە، یەكێك لە هۆكارەكان كە من لێرەم ئەمڕۆ ئەوەیە كە داوای لێبوردنتان لێبكەم، لەو رۆژەوەی جەبار فەرمان و مام جەلال و كاك كۆسرەت و هێرۆخان نەخۆش كەوتن، وەكو پێویست شەڕمان بۆ ئێوە نەكردووە، كێشەی ناوخۆمان هەبووە، بەڵام ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند”.

سەرۆكی یەكێتی وتی، ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهێزە، بەتوانایە، پەیوەندیی بەهێزە.

“بەداخەوە غەدرێكی زۆرتان لێكراوە، بەداخەوە ئەو خزمەتەی كە كردووتانە و ئەو خوێنەی رشتووتانە وەك پێویست رێزی لێنەگیراوە. دوو ساڵە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵیداوە ئەو بۆشاییەی كە حكومەت دروستیكردووە پڕیبكەینەوە. من رازی نیم بەو دۆخە و باسی زۆنی سەوز و باسی زۆنی زەرد ناكەم، تكاتان لێدەكەم واز لەو قسەیە بهێنن. یەكێتی خاوەنی هەموو كوردستانە، نوێنەری هەر چوار پارچەی كوردستانین” بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا وای وت.

ئەوەشی دووپاتكردەوە، غەدرتان لێكراوە، بەڵێ وایە، بەڵام عاجز مەبن، بێتاقەت مەبن، گەشبین بن، لە زەمانی مام جەلالەوە یەكێتی وا بەهێز نەبووە، لە رووی پەیوەندییەوە لە بەغداد، لە رووی پەیوەندیی نێودەوڵەتی، لەناو حزبەكانی كوردستان، لەناو هێزی پێشمەرگەكەمان، قەت وا یەكڕیز و بەهێز نەبووین.

سەرۆك بافڵ راشیگەیاند، “وەكو ساڵی 1991 كە یەكێتی سەری رمەكە بوو لەو شەڕەی كە كردمان بۆ میللەتەكەمان، ئا لێرە بەڵێنتان پێدەدەم، بەڵێنتان پێدەدەم، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین تا یەكڕیزیی كوردستان بپارێزین. تا كوردستان یەكبخەینەوە، تا هەر چوار پارچەی كوردستان مافی خۆیان وەربگرن. وا ئەتوانین رێز بگرین لە جەنابتان، وا ئەتوانین، رێزبگرین لە خوێنی شەهیدەكانمان، ئێوە خاوەنی یەكێتی-ن، ئێوە خاوەنی كوردستانن، لەگەڵمان بوەستن، شان بەشان هەموو شتێكمان پێدەكرێت. خەڵك دەتوانین ئاشت بكەینەوە، حزبەكان دەتوانین ئاشت بكەینەوە. میللەتەكەمان دەتوانین ئاشت بكەینەوە، دەشتوانین نەیارەكانمان پانكەینەوە”.

“شان بەشان بۆ پێشەوە دەڕۆین، بۆ سەركەوتن، بۆ كوردستان” بافڵ جەلال تاڵەبانی وای وت و ئاماژەی بەوەدا، “لێرەوە پەیامێكم هەیە، بۆ هەموو حزبەكانی كوردستان، چۆن لێرە ئاگری راپەڕین عێراقی گۆڕی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی، با ئەمڕۆ بكەین بە بوارێك كە دەستی ئاشتی درێژبكەین بۆ هەموو حزبەكانی كوردستان، ئێمە نامانەوێت هەرێم دوو بەش بكەین، هەرێم هی خۆمانە، هەرێم ئێمە دروستمان كرد، هەرێم ئێوە خوێنتان بۆ رشت”.

ئەوەشی وت، “دادپەروەریمان دەوێت. دەستدرێژ دەكەین بۆ هەر لایەنێك كە بتوانێت میللەتەكەمان ئاشت بكاتەوە، كە بتوانێت خزمەتی میللەتەكەمان بكات، كە بتوانێت ئیش بكات بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان” و وتی، “حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەگەر ئەوەتان دەوێت، ئێمە دەستمان درێژ دەكەین بۆتان، دڵمان پاكە، دەمانەوێت بۆ بەرژەوەندیی حزبەكان ئیش نەكەین، بۆ بەرژەوەندیی میللەتەكەمان ئیش بكەین، با بۆ ئەوە خەبات بكەین، ئەگەر ئەمەتان دەوێت، ئێمە ئامادەین، ئەگەر ئەمەتان ناوێت، خۆتان زەرەر دەكەن”.

سەرۆكی یەكێتی لە كۆتاییشدا رایگەیاند، تێكۆشەرانی راپەڕین، گەورەبوون بوو بۆ من ئەمڕۆ بێمە خزمەتتان. دووبارەی دەكەمەوە، یەك داواكاریم هەیە لێتان واز لە زۆنی زەرد و زۆنی سەوز بهێنن، كوردستانی هی ئێمەیە، كوردستان هی ئێوەیە و، بەیەكەوە كوردستان سەوز دەكەینەوە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشداری ساڵیادی راپەڕین دەكات

بابەتی دواتر

زانایان پەیوەندیی نێوان خانەکانی زۆمبی و گۆشەگیری و بیرچوونەوە ئاشکرادەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هه‌ر ئۆتۆمبێلێك دوکەڵبكات ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت

بەپێی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر،هه‌ر ئۆتۆمبێلێك دوکەڵبكات ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێربڵاویکردەوە، بەمەبەستی پاکراگرتنی ژینگەی شارو…
Total
0
Share