بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشداری ساڵیادی راپەڕین دەكات

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەروازەی راپەڕین لە رانیە بەشداری ساڵیادی راپەڕینی بەهاری 1991 دەكات.

بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی و خەڵکی تێکۆشەری دەڤەری رانیە، لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری و شکۆداردا لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە یادی راپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کورد کرایەوە.

لە کەرنەڤاڵەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای سەردانکردنی مۆنیومێنتی راپەڕین و دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا، وتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم خەڵکی کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کرد و رایگەیاند، ئێوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دۆخی کوردستان ناڕازین و داوای لێبوردنتان لێدەکەم. بەڵام ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی هێز و توانایە و داواتان لێدەکەم باسی زۆنی سەوز و زەرد نەکەن، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی هەموو کوردستانە و نوێنەرایەتی هەر چوارپارچەی کوردستان دەکات. وتیشی، “بەڵێنتان پێدەدەین یەکڕیزیی کورد بپارێزین و هەموو هەوڵێک لەپێناو یەکخستنی کوردستان بخەینەگەڕ”.

لە بەشێکی دیكەی وتارەکەیدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد، دوای هەڤاڵ مام جەلال، کاک جەبار فەرمان و نەخۆشکەوتنی کاک کۆسرەت و هێرۆخان وەک پێویست خزمەتی هاوڵاتیان نەکراوە و روونیکردەوە “بەداخەوە زوڵمێکی زۆرتان لێکراوە و ئەو خوێنەی رشتووتانە وەک پێویست رێزی لێنەگیراوە، دوو ساڵە یەکێتی هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایی حکومەت دەدات”.

وتیشی، لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلالەوە تاوەکو ئێستا یەکێتی هێندە بەهێز نەبووە، بۆیە دڵنیابن یەکێتی نوێنەرایەتیی هەموو کوردستان دەکات و کۆمەڵانی خەڵکیش خاوەنی راستەقینەی یەکێتییەکەی خۆیانن.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا سەرۆک بافڵ پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و رایگەیاند، با ئەمڕۆ بکەین بە رۆژی ئاشتەوایی، ئێمە لێرەوە دەستی ئاشتی و تەبایی بۆ هەموو حزب و لایەنێک درێژ دەکەین کە بتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات و پێکەوە خەڵک و میللەتی خۆمان ئاشت بکەینەوە.

دەقی وتاری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە رێوڕەسمەكە:

 

 

 

بابەتی پێشتر

سەرۆکی هەرێم: دەبێت لایەنەکان یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن بکەنە هەوێنی داهاتوویەکی باش بۆ گەلەکەمان

بابەتی دواتر

دەقی وتاری بافڵ جەلال تاڵەبانی لە رێوڕەسمی ساڵیادی راپەڕین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share