ئامارە فەرمییەکان لە ئەمریکا دەریدەخەن، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە زمانی دیکە جگە لە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن لە ماڵەوە، لە ماوەی سێ دەیەدا سێ ئەوەندە زیادی کردووە.
نووسینگەی فەرمیی ئاماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی زمانێکی بیانی بەکاردەهێنن جگە لە ئینگلیزی لە وڵاتەکەدا بۆ نزیکەی 67 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە، کە یەکسانە بە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتێکی وەک بەریتانیا .
بە واتایەکی تر لە هەر پێنج ئەمریکییەک یەکێکیان بە زمانێکی بیانی قسە دەکات.
تەنها لەسەدا 78ی ئەمریکییەکان لە ماڵەوە بە ئینگلیزی قسە دەکەن، واتە رێژەی گەشەسەندنی ئەو زمانانە دەگاتە 21.6%.
30 ساڵ لەمەوبەر ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماڵەکانیاندا بە زمانێکی تر جگە لە ئینگلیزی قسەیان دەکرد نزیکەی 23 ملیۆن کەس بوو.
رەنگە زۆر کەس نەزانن کە لە ئەمریکادا 350-430 زمان قسەی پێدەکرێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە وڵاتانی هەمەچەشنی زمانەوانی لە جیهاندا، بەگوێرەی ڕێکخراوی ناحکومی “وەرگێڕانی بێ سنوور”، لەکاتێکدا ئامارە فەرمییەکان دەڵێن کە 350 زمان لە وڵاتەکەدا هەیە.
زمانی ئینگلیزی باوترین زمانی قسەکردنە لە ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی فەرمی نییە لەو وڵاتەدا، بەو پێیەی هیچ بڕگەیەک لە دەستووری ئەمریکادا نییە کە بەڕوونی ئاماژە بەوە بکات کە زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمییە، وەک لە دەستووری وڵاتانی دیکەدا ئاماژەی پێکراوە.
باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا پێویستییان بە پێگەی وا بە زمانی ئینگلیزی نەدەبینی.
بەو پێیەی کۆمەڵگەی ئەمریکی کۆبوونەوەی کۆچبەرانە، ئەوان بە زمانی ئەو بنەڕەتانە قسە دەکەن کە سەر بە خۆیانن.
لیستی ئەو زمانە بیانییانەی کە زۆرترین قسەیان پێدەکرێت لە ئەمریکادا بریتین لە:
ئیسپانی
زمانی چینی
تاگالۆگ (لەلایەن هەندێک لە فلیپینییەکانەوە قسەی پێدەکرێت) .
زمانی ڤێتنامی
عەرەبی
ئەم زمانانە وەک زۆرترین زمان لە ئەمریکادا ڕیزبەندی کران، چونکە زیاتر لە 3.49 ملیۆن کەس بەکاریان دەهێنن.
زیادبوونی بەکارهێنانی زمانە قسەپێکراوەکان لە ئەمریکا دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی زمانی ئینگلیزی، بەو پێیەی بەردەوام لە پەرەسەندندایە، بە قەرزکردنی وشە لەو زمانانە.