ئیسپانیا ژمارەیەک شەمەندەفەری كڕیوە لە تونێلەکان گەورەترن و پێیاندا ناڕۆن

بڕیاری کڕینى ژمارەیەک شەمەندەفەر لە ئیسپانیا کە قەبارەكانیان لە تونێلەکانی دوو هەرێمی وڵاتەكە گەورەترن و پێیاندا ناڕۆن، كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە و ژمارەیەک بەرپرسی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.

هەڵەكە لە دانانى دیزاینى پڕۆژەكەدایە كە کڕینى ژمارەیەک شەمەندەفەری لەخۆگرتووە و لەلایەن وەزارەتى گواستنەوە و رێگاى ئاسنینى ئیسپانیاوە بڕیاری لێدراوە.

ئیزابێل پاردو دۆڕا، وەزیرى گواستنەوەی ئیسپانیا و بەڕێوەبەرى گشتیی هێڵەکانى شەمەندەفەر دەستیان لەکارکێشایەوە، دواى ئەوەى ئاشکرابوو كە بە بڕیارى ئەوان گرێبەستێک کراوە بۆ کڕینى ژمارەیەک شەمەندەفەر، بەڵام بەهۆى هەڵەکردن لە دیزاینى شەمەندەفەرەکاندا، بە شێوەیەک کە قەبارەیان گەورەترە لەو دوو تونێلەى لە هەردوو كانتۆنی ئەستوریاس و كانتابریا هەن، ئەو بەرپرسانە ناچاربوون دەستلەکاربکێشنەوە.

دەستپێكی گرفتەكە دەگەڕێتەوە بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر، كاتێك كۆمپانیای بەگەڕخستنی هێڵی ئاسنینی ئیسپانیا كە دامەزراوەیەكی میرییە، پلانێكی بۆ نوێكردنەوەی فارگۆنەكانی شەمەندەفەرەكانی گواستنەوەی سەرنشینان لە هەردوو كانتۆنی ئەستوریاس و كانتابریا راگەیاند، بەڵام دوای ئاشكرابوونی هەڵەی دیزاینكردنی فارگۆنەكان، تەواوكردنی پڕۆژەكە لە ساڵی 2024ـەوە بۆ ساڵی 2026 دواخرا.

سەرچاوەكانی میدیای ئیسپانی دەڵێن، ئەگەر پڕۆژەكە وەك خۆی جێبەجێبكرابایە، ئەوا زیانی 275 ملیۆن دۆلاری بە سامانى گشتیى وڵاتەكە دەگەیاند.

گرفتی سەرەکیی ئەو پڕۆژەیە، ئەوەیە كە هێڵە ئاسنینەکانی هەردوو هەرێمی ئەستوریاس و کانتابریا لە سەدەی نۆزدەیەمدا دروستکراون، قەبارەیان یەکسان نییە لەگەڵ فراوانیی تونێلەکانى ئێستا کە لە ئیسپانیادا هەن، لە كاتێكدا ئەرکێکى سەختە بتوانرێت تونێلەکان فراوانبکرێن، چونکە لە ناوچەیەکى شاخاویى سەختدان.

هەڵەکردن لە دیزاینى دروستکردنى شەمەندەفەر لە ئەوروپا یەکەم جار نییە رووبدات، ساڵى 2014 هێڵى شەمەندەفەرى فەرەنسى هەڵەیەکى لەو شێوەیەى کرد، دواى ئەوەى داوایکرد ژمارەیەک شەمەندەفەر دروستبکرێن، لە کاتێکدا دیزاینى هێڵەکان لەگەڵ شەمەندەفەرەکان یەکیان نەدەگرتەوە.

بابەتی پێشتر

ئامارە فەرمییەکان: ئەو ئەمریکییانەی بە زمانی ئینگلیزی قسە ناکەن بەردەوام لە زیادبووندایە

بابەتی دواتر

كەوچكێكی چا لە گەدەی ژنێكدا لە نەجەف دەرهێندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share