بۆچی سەماكارانی سەر سەهۆڵ هەست بە سەرگێژخواردن ناكەن؟

سەمای سەر سەهۆڵ یەكێكە لەو وەرزشانەی لە ئۆڵۆمپیادەكاندا سەرنجی زۆری لەسەرە

لەگەڵ بەردەوامیی كێبڕكێكانی یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی زستانە لە پەككین، زۆرێك دەربارەی نهێنیی سەرگێژنەخواردنی سەماكارانی سەر سەهۆڵ دەپرسن، بەتایبەت كاتێك دەبینن هەندێكیان بە خێراییەكی زۆر شەش جار لە چركەیەكدا بەدەوری خۆیاندا دەسوڕێنەوە.

میرای ناجاسۆ، سەماكاری ئەمریكی كە میدالیای بڕۆنزی لە یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی زستانە لە كۆریای باشوور لە ساڵی 2018دا بەدەستهێنا، هەستی بە گێژبوون كردووە لەكاتی خولانەوەكانیدا، بەڵام هەرزوو بەپێی ئەزموونی ساڵانەی زانیویەتی چۆن دووبارە تەركیز دەكات، وەك ئەوەی تۆڕی (سی ئێن ئێن) بڵاویكردووەتەوە.

بەڵام كاسلین كۆلین، مامۆستای ئەندازیاریی پزیشكیی زیندەیی لە زانكۆی جۆنز هۆبكنز وەڵامێكی زیاتر زانستییانەی هەیە و دەڵێت، سەماكارانی سەر سەهۆڵ و ئەودوای وەرزشوانانی دیكە هەست بە سەرگێژخواردن دەكەن لەسەرەتای كارە پیشەییەكەیاندا كاتێك بەخێرایی بەدەوری خۆیاندا دەخولێنەوە، بەڵام لە كۆتاییدا سەركەوتوو دەبن لە ڕاهێنانی مێشكیان بۆ شیكردنەوەی ئەو هەستكردنە بەشێوەیەكی باشتر.

وتیشی، “گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی و قوڵ لە مێشكی ئەو كەسانەی وەك سەماكاران و خلیسكێنەری سەر سەهۆڵن ڕوودەدات بەهۆی زۆری ڕاهێنانەكانەوە، ئەمەش وا لە مێشكیان دەكات گۆڕانكاری لە مامەڵەكردنەكەیدا بكات بۆ چارەسەری زانیارییەكان”.

ئەو شارەزایە ڕوونیشیدەكاتەوە، “كاتێك بەدەوری خۆتدا دەسوڕێیتەوە، كەناڵەكانی نیمچە بازنەیی و هەستكردن بە خولانەوە لە ئەندامی دهلیزیی ناو گوێ چالاك دەكەیت، لەكاتی وەستاندا شلەمەنی ناویان بەردەوام دەبێت لە خولانەوە و ناجێگیری، ئەمەش وامان لێدەكات هەست بە خولانەوە و گێژبوون بكەین بەهۆی هەستی ناڕاست لەبارەی بەردەوامی جوڵەكە”.

ڕاهێنان بە درێژایی ساڵان مێشكی سەماكاران لەسەر چۆنیەتی فەرامۆشكردنی ئەو هەستە ناڕاستە ڕادەهێنێت و بەهۆیەوە مێشك ئەو زانیارییە هەڵانە وەرناگرێت، وەك ئەوەی كۆلین دەیڵێت.

بەشێوەیەكی گشتی وەرزشوانان لەسەر هەندێك ڕێگا و شێواز فێردەكرێن بۆ كەمكردنەوەی سەرگێژخواردنیان، وەك تەركیزكردنەسەر خاڵێكی دیاریكراو لە دیواری شوێنەكە و دیاریكردنی وەك شوێنێكی جێگیری بینین، بەجۆرێك خولانەوە و وەستان لەو خاڵی بینینەدا دەبێت و ئەمەش هەستكردن بە خولانەوە و گێژبوون كەمدەكاتەوە.

بریجید دوایر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانستی دەمارزانیی كۆلێجی پزیشكی زانكۆی بۆستن دەڵێت، مێشك و گوێی ناوەوە لە پەیوەندی بەردەوامدان بە جەستە و خۆیان بەیەكەوە بۆ هێنانەدی هاوسەنگی.

دەشڵێت، “سەبارەت بە زۆرینەی خەڵك، سەرگێژخواردن هیچ نییە جگە لە كێشەیەك لەكاتی ئەنجامدانی هەندێك چالاكی كە پەیوەندی بە هێز و خێراییەوە هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی سەرسوڕمانانە، دەكرێت بەتێپەڕبوونی كات مێشكمان ڕابهێنین لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە بەشێوەیەكی باشتر”.

بابەتی پێشتر

وێنەی مانگە دەستكردەكان "فێڵێكی ڕوسیا" لەسەر سنووری ئۆكرانیا ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

نرخی نەوت هاتە خوار 93 دۆلار.. گەڕانەوەی هیوا بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی هۆكارێكە‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share