ئایا بەردەوام خوێ بە خواردنەکەتەوە دەكەیت؟ دەرئەنجامی توێژینەوەیەك بخوێنەرەوە

توێژینەوەیەکی پزیشکیی نوێ كە لە گۆڤاری دڵ-ی ئەوروپیدا بڵاوکراوەتەوە و، لەسەر نزیکەی 500 هەزار کەس ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە زۆر زیادکردنی خوێ بۆ خۆراک ئەگەری مردنی پێشوەختە زیاد دەکات.

ئەم ئەنجامانە سنووردارە بە زیادکردنی بەردەوامی خوێ بۆ ژەمەکان، نەک لەکاتی چێشتلێناندا، بەپێی توێژەران.

ئەوان ئەنجامی توێژینەوەكەیان بڵاوكردەوە و دەڵێن، “چەندبارەكردنەوەی زیادكردنی خوێ بۆ خۆراك پەیوەندی بە مەترسیی زیاتری مردنی پێشوەختەوە هەیە، بۆ هەموو هۆكارەكان، لەگەڵ كەمبوونەوەی ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراو”.

بەگشتی 501 هەزار و 379 کەس بەشدارییان لە توێژینەوەکەدا کردووە، کە لە ساڵانی 2005 و 2006 دەستیپێکردووە و بە تێکڕا بۆ ماوەی 9 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە. لە ڕێگەیەوە پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە ئایا خوێیان بۆ خۆراکەکانیان زیادکردووە یان نا و چەند جار.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەرگیز خوێیان بەکارنەهێناوە یان بە دەگمەن خوێیان بەکارهێناوە، ئەو کەسانەی کە هەمیشە خوێیان بۆ ژەمەکانیان زیادکردووە، مەترسی مردنی پێشوەختەیان بەڕێژەی 28% زیادیکردووە.

لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا دەرکەوتووە کە زیادکردنی بەردەوامی خوێ بۆ خۆراک، تەمەنی پیاوان زیاتر لە دوو ساڵ کەمدەکاتەوە، بۆ ژنانیش ساڵ و نیوێک.

توێژەران دەڵێن، “پەیوەندی پلەبەندیمان لە نێوان چەندبارەكردنەوەی زیادکردنی خوێ بۆ خۆراک و چڕیی بەرزی سۆدیۆم بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دۆزییەوە. لە ماوەی مامناوەندی 9 ساڵ بەدواداچووندا، 18 هەزار و 474 مردنی پێشوەختە تۆماركرا”.

پرۆفیسۆر لو چی، لە كۆلێجی تەندروستیی گشتی و پزیشکیی ناوچە گەرمەکان لە زانکۆی تولین لە نیو ئۆرلینز، کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی كردووە، دەڵێت، “تەنانەت كەمكردنەوەی سۆدیۆم ئەگەر بە ئاستێكی كەمیش بێت، بە بەكارهێنانی بڕێكی كەمی خوێ یان بەكارنەهێنانی هیچ خوێیەك بۆ خواردنی سەر سفرەكەت، ئەگەری زۆرە سوودی تەندروستیی گەورەی هەبێت”.

پرۆفیسۆر ئانیکا رۆزنگرن، لە زانکۆی گۆتنبێرگ کە بەشداریی ئەو توێژینەوەیەی نەكردووە، بە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕاگەیاندووە، “ئەوەی بەڵگە بەکۆمەڵەکان لەسەر خوێ دەردەخەین ئەوەیە كەسانی تەندروست كە ئاستی ئاسایی خوێ بەکاردەهێنن، پێویستیان بەوەنییە نیگەران بن دەربارەی ڕۆژانە خواردنی خوێ”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گروپە تەنها پێویستە هاوسەنگی بكەن لەنێوان خواردنی خوێ لەگەڵ سیستمێكی خۆراكیی دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە. ئامۆژگاری ئەو کەسانەشی کرد کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان لەسەرە، خواردنی خوێ کەم بکەنەوە.

بابەتی پێشتر

عامری دوایین هەڵوێستی لەبارەی بوونی بە سەرۆك وەزیران ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

تەرمی كۆچبەرێك لە توركیا دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share