ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، مووچەی نزیكەی ملیۆنێك كەس لەوانەی گرێبەست و وانەبێژن لە بودجەی 2023دا جێكراوەتەوە.
محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجەی 2023 تاڕادەیەك ئامادەبوو، بەڵام لەماوەی كەمی رابردوودا بڕیاری دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار درا، لەبەرئەوە پێویستە زۆرێك لە بڕگەكانی بودجە هەمواربكرێنەوە، بەتایبەت پڕۆژەی پێشوو لەسەر بنەمای 1470 دینار بۆ هەر دۆلارێك ئامادەكرابوو، ئێستا بە 1300 دینار دووبارە ئامادەدەكرێتەوە.
محەمەد نوری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەوەشی وت، “ژمارەی زۆر گەورەی ئەوانەی گرێبەست، كرێی رۆژانە و وانەبێژن لەسەر میلاكی هەمیشەیی جێگیركراون و لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023دا بڕگەیەكی تایبەت بەوان هەیە، زیاتر لە ملیۆنێك لەوان خراونەتەسەر میلاكی هەمیشەیی بەپێی مووچەی تەواو و بەرز و بەپێی بڕوانامەكانیان”.
دوێنێش موحسن مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، هەفتەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بوو لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی.