کاروان گەزنەیی: کابینەی نۆ بە ناوی رێکخستنەوەی باج زۆرترین پارە لە خاوەن کارەکان وەردەگرێت

کاروان گەزنەیی رایگەیاند، کابینەی نۆ بە ناوی رێکخستنەوەی باج، زۆرترین پارە لە خاوەن کارەکان وەردەگرێت، بە جۆرێک لە بەشێک لە کۆمپانیا و خاوەن کارەکان بە شێوەی مەزەندە، دوور لە هەموو یاسا و رێنماییەک، باج وەردەگرێت.

کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری کوردستان رایگەیاند، “لە کابینەی نۆ بە دوو شێوە باج لە هاوڵاتییان وەردەگرێت، یەکەم، باجێک کە بە ناوی خزمەتگوازارییەوە لە رێگەی کۆمپانیا تایبەتەکانەوە کە یان هی بەرپرسێکن یان بازرگانێک کە خاوەندارێتی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ بەرپرسان، دووەم، باجێک کە حکومەت بە فەرمی وەریدەگرێت، باج خراوەتە سەر کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، زیادکردنی پارەی کارەبا، باج لەسەر تابلۆی دوکان، باجی دەخل، باجی عەقار و دەیان جۆری دیکەی پارە وەرگرتن بە ناوی باج کۆکردنەوە هەندێکیشیان بە ناوی خزمەتگوزاری لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ماوەکانی رابردوو داوایان لە بەشێک لە خاوەن کارەکانی ناوچەی پیشەسازی کردووە کە دەبێت باج بدەن بە حکومەت بە شێوەی مەزەندە کردن، ئەگەر سکاڵاش بکەن لەو باجەی بۆیان دیاری دەکرێت، دەبێت لە ساڵی 1980-ەوە باج بدەن، واتا پێیووتوون کە دەبێت باجی عەقار بدەن لە کاتێکدا زەوییەکەیان کرێیە و لە لایەن شارەوانییەوە بە شێوەی مساتەحە پێیان دراوە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، “کۆمپانیا یان کارگە هەیە کە کاری نەکردووە بە درێژای چەند ساڵێک، کە ئێستا دەستیکردووەتەوە بە کارکردن، داوا دەکەن باجی هەموو ساڵەکان بدات، لە کاتێکدا لە هەموو دنیا هانی کارگەکان دەدرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی زیاد بکات، نەک زیادکردنی باج و ناچارکردنیان بە داخستن و بەجێهێشتن و گواسنتەوەی سەرمایەکانیان، لە هەر شوێنێک باج وەردەگیرێت، حیکمەت تێیدا زیادکردنی خزمەتگوزاری و خزمەتی گشتییە، نەک دەوڵەمەندکردنی چەند بەرپرس و دەوڵەمەندترکردنی چەند بازرگانێک”.

ئاشکراشیکرد، “سەرجەم دۆسیەکانی باج وەرگرتنی ناڕەوامان بەناو و بەڵگە رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و لیژنەکانی پەرلەمان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام تا دێت دۆخەکە لەسەر هاوڵاتییان زەحممەتر دەکەن، ئەمەی بە ناوی رێکخستنەوەی باجەوە وەردەگیرێت لەم کابینەیە، باج نیە بەڵکو سەرانەیە”.

 

بابەتی پێشتر

دوو بومەلەرزەی بەهێز توركیای گرتەوە

بابەتی دواتر

بکوژی گەنجەکەی گەڕەکی شۆڕجەی کەرکوک دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share