حەوت تۆمەتبار دەستگیركران، شەش كەسیان لە بری خوێندكاری دیكە چوونەتە هۆڵی تاقیكردنەوەوە و یەكێكیان كارتی تاقیكردنەوەی خوێندكارانی ساختەكردووە.
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ئاشكرایكرد، لە هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و ئەنبار، حەوت كەس دەستگیركراون كە تۆمەتبارن بە ساختەكردنی كارتی بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەكان و چوونە هۆڵی تاقیكردنەوەوە لە بری خوێندكاران.
راشیگەیاند، مەفرەزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لە پارێزگای ئەنبار پێنج كەسیان دەستگیركردووە كە لە بری خوێندكاری دیكە، چوونەتە هۆڵی تاقیكردنەوەكانەوە و بەشداریی تاقیكردنەوەی بەرایی خوێندكارانی قۆناغی ئامادەییان كردووە.
بەپێی راگەیەندراوی دەزگاكە، لە پارێزگای سەڵاحەدین دوو كەسی تر دەستگیركراون، یەكێكیان كارتی بەشداریكردنی خوێندكاران لە تاقیكردنەوەكانی ساختەكردووە، تۆمەتبارەكەی دیكەش لە بری خوێندكارێكی تر چووەتە هۆڵی تاقیكردنەوەوە و وەڵامی پرسیارەكانی داوەتەوە.