وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان

وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان کە ئەگەر بەم شێوازەی ئێستا ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا پشتگوێ بخەن، ئەوا شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە لە ڕێگادایە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ 29 ی کانوونی دووەم، ڕایگەیاندووە، “سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی هەموو ڕۆژێک مەترسییەکانی کۆرۆنا بۆ خەڵکی دەخاتە ڕوو، بەڵام ئەم هۆشداریانە هیچ وەڵامێکی لەلایەن هاوڵاتییانەوە نەبووە و خەڵكی پابەند نەبوون، ئەمەش دەکرێت مەترسییەکی گەورەبێت لە ئایندەیەکی نزیکدا’.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، “ئامارەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نیشانی دەدات کە مەترسییەک لە ڕێگەدایە و ئەگەر ئامارەکان بەرزترببنەوە ئەوا ناچار دەبین بڕیاری داخستنی هەندێک شوێن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تاوتووێ بکەین”.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا داوا لە خەڵكی کراوە، ماسک و دەستکێش ببەستن و هەمیشە دەستیان بە خاوێنی بهێڵنەوە، کەگەڵ ئەوەش لە کاتی بینینی یەکتردا خۆیان لە ماچکردن و باوەشکردن بپارێزن.

داوا لە فرۆشیاران و مۆڵ و دوکانەکانیش کراوە خەڵکی پابەند بکەن بە بەستنی ماسک لە کاتی سەردانیکردنی شوێنەکانیان و هەوڵبدەن شوێنی دور لەیەک بۆ کڕیاران دابین بکەن.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هۆشداریداوە کە لە جیهاندا هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرەڕای بوونی ڤاکسین مەترسی جدییە و خۆگۆڕینی ڤایرۆسەکەشی بە یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی ئایندەی وڵاتان ناوبردووە.

بابەتی پێشتر

داعش لە عێراق دەگەڕێتەوە یان ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات؟

بابەتی دواتر

ڤاکسینێکی دیکەی کۆرۆنا لە ڕێگادایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share