لە دوای بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، “شەمەندەفەری چاكسازیی ئابوری بەرەو پێشەوە دەڕوات”.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی سێیەم كۆبوونەوەی ژوورە بازرگانییەكان، كۆمەڵەی بانكە عێراقیەكان و دەزگا داراییەكانی حكومەت و دەستەكانی باج و گومرگ و دەروازە سنووریەكان، بانكی ناوەندی و پێشانگای بازرگانی كردووە و تێیدا باس لە پێشهاتەكانی دۆخی ئابوری لەسەرتاسەری عێراقدا كراون.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بە دواداچوون بۆ بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناركرا، بە تایبەت دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی.
سەرۆك وەزیران جەختیكردووەتەوە، “یەكێك لە كارە لە پێشینەكانی پڕۆگرامی وەزاریی حكومەت، شەمەندەفەری چاكسازیی ئابورییە كە بەرەو پێشەوە دەڕوات و لە چاكسازییەكانیان بەردەوامدەبن”.