وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كارەبای زیاتریان لە با و وزەی خۆر بەرهەمهێناوە زیاتر لە غاز ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە ساڵی 2022دا.
هەروەها سەرەڕای قەیرانی وزە بەهۆی قەدەغەكردنی غازی روسییەوە، بەرهەمهێنانی خەڵوز لە كیشوەرەكە كەمتر لەوەی پێشبینی دەكرا زیادیكردووە.
راپۆرتێكی دامەزراوەی توێژینەوەكانی وزە (ئیمبەر) ئاشكرایكرد كە بەرهەمهێنانی وزە لە خۆر و با گەیشتووەتە 22%ی رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە یەكێتیی ئەوروپا، بەدوایدا غاز دێت بەڕێژەی 20% و خەڵوز 16%.
زیادبوونی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر و وزەی با هاریكار بووە لە قەرەبووكردنەوەی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی وزە لە وزەی ئاوی و ئەتۆمی، كە تائێستا دوو سەرچاوەی سەرەكیی كارەبان لە یەكێتیی ئەوروپادا بۆ هەردووكیان بەڕێژەی 32%.
سەرەڕای ئەوەی زۆرێك لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا هەوڵی زیاتریان خستەگەڕ بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو كەمبوونەوەیەی لە هاوردەی وزەی روسییەوە تووشی هاتوون، بەڵام بەرهەمهێنانی ئەو وزەیەی بە خەڵوز كاردەكات كەمتر لەوەی پێشبینی دەكرا زیادیكردووە، بەپێی ئامارەكانی ئیمبەر. لەگەڵ ئەوەشدا، زیادبوونی ساڵانەی خەڵوز بەڕێژەی 7% بووەتەهۆی بەرزبوونەوە دەردراوە گازییە گەرمكەرەكان لە كەرتی وزەی یەكێتیی ئەوروپا بۆ 3.9%.
ئەڵمانیا گەورەترین بەرهەمهێنە لە وزەی خۆر و وزەی با لەنێو یەكێتیی ئەوروپادا بە 59 و 126 تێراوات/ كاتژمێر كە لە ساڵی 2022دا بەرهەمیهێناون. دووەم وڵات ئیسپانیایە بە بڕی 33 تێراوات/ كاتژمێر لە وزەی خۆر و 62 تێراوات/ كاتژمێر لە وزەی با.
سەبارەت بەمساڵ، ئیمبر پێشبینی دەكات بەرهەمهێنانی وزەی ئاو و ئەتۆمی لە یەكێتیی ئەوروپادا روو لە باشبوون بكەن، لە بەرامبەریشدا بەرهەمهێنان لە غاز و خەڵوز روو لە دابەزین بكەن لەگەڵ بەردەوامبوونی كیشوەرەكە لە بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە.