قوباد تاڵەبانی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە لەگەڵ شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكاندا تاوتوێدەكات

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ شاندێكی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكاندا كۆدەبێتەوە و پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە تاوتوێدەكەن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە رۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.

لە کۆبوونەوەیەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. قوباد تاڵەبانی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکەی بۆ شاندی میوان روونکردەوە کە بریتین لە، سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کورسی کۆتا و پێکهاتەکان لەگەڵ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، داواشیکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچوونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەکی راستەقینە بۆ خەڵکی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، “پێکهاتە و کەمینەکان رێزلێگیراون لە هەرێمی کوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێکهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان کە دووربێت لە دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەکان”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن کردەوە بۆ کێشەکانی هەولێر و بەغداد بە جۆرێک کە سەقامگیریی سیاسی و ئابوری لێبکەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەموو هەنگاوێک دەربڕی لەسەر بنەمای دەستوور و لێکگەیشتنی هاوبەش.

لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی نەتەوە یەکگرتووەکانی روونکردەوە ئەوان مەبەستیانە خەڵکی کوردستان سوودمەندی یەکەم بن لە سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێنرێت.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی رێکخراوە ناحکومییەکان کرد کە پایەی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنین، راشیگەیاند رێکخراوەکان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەکانیان بە هەند وەربگیردرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی جێنین پلاسخارتی کرد لە عێراق و کوردستان کە هەمیشە بنیاتنەرانە بووە و بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی گرنگی ناوە.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید لە هالاندەوە بۆ هۆیلاند

بابەتی دواتر

سەڵاح هێڵی سوور نییە و جێگرەوەی لە یوڤانتۆسە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شرۆڤەی ئێستا.. پرسی کورد لە باکووری کوردستان و گۆڕانکارییەکانی سیاسەت بەرامبەریان لەناوخۆ و دەرەوەی تورکیادا

لێدوانەکانی ئەم دوایانەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و چەند لێدوانێکی ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا، کاردانەوەی…
Total
0
Share