كەنەدا رەزامەندی نیشاندا لەسەر گەڕاندنەوەی شەش ژنی كەنەدی و 13 منداڵی دەستبەسەركراو لە رۆژئاوای كوردستانەوە، كە دەبێتە گەورەترین هەوڵی گەڕاندنەوەی جیهادییەكانی ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا رایگەیاند، “دواجار رەزامەندی لەسەر بڕیارەكەدا” كە پەیوەندیدارە بە ژنان و منداڵانی گروپەكە، بەبێ چوار پیاوەكە كە لەرووی یاساییەوە داواكراون و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بڕیار لەبارەی چارەنووسیانەوە دەربچێت.
حكومەتەكەی جاستن ترۆدۆ لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ژمارەیەكی سنوورداری ژنان و منداڵانی گەڕاندووەتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە ژمارەیەك لە كەنەدییە دەستبەسەركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان رێوشوێنی یاساییان دژ بە حكومەتی كەنەدا گرتەبەر لەو باوەڕەی رەتكردنەوەی گەڕاندنەوەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێشێلی یاساكانی كەنەدایە تایبەت بە ماف و ئازادییەكان.
پێشتر رێكخراوی (هیومان رایتس وۆچ) بڵاویكردەوە كە تائێستا نزیكەی 30 كەنەدی كە لە نێویاندا 10 منداڵ هەیە لە كامپەكانی رۆژئاوای كوردستاندان.