وۆڵ ستریت جۆرناڵ هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلار لە عێراق ئاشکرا دەکات

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە کە چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوەتەی بانکی فیدراڵیی نیویۆرک لە مانگی تشرینی دووەمەوە چاودێریی توندی دەستپێکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی دۆلار بۆ ئێران، زیاتر لە 80%ی ئاڵۆگۆڕی دراوی بانکەکانی عێراق داخراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێشتر ئەو ئاڵوگۆڕە بانکییانە لەهەندێک ڕۆژدا دەگەیشتنە 250 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی زانیاریی پێویست لەسەر شوێنی ناردنی پارەکە، ئاڵوگۆڕکردنی پارەکە ڕاگیراوە.

رۆژنامە ئەمریکییەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، ئەم سیاسەتە نوێیەی بانکی فیدراڵیی نیویۆرک کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ڕژێمی ئێران پەسەند کرا، لە ئێستاوە بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و لاوازبوونی ئابووریی عێراق.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەو هۆکارە چاوەڕواننەکراوە بە هۆکاری پشت لاوازبوونی دراوی نیشتمانیی خۆیان دەزانن، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کاڵا هاوردەکراوەکان.

پێشتر ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، عێراق کە یەدەگی دراوی بیانیی زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە، پێویستە رێوشوێنی دژە سپیکردنەوەی پارە بگرێتەبەر و پابەندی سزاکانی سەر وڵاتانی وەک سزاکانی سەر روسیا و ئێران بێت بۆ ئەوەی بتوانێت پارەکەی بەکاربهێنێت.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەروەها نووسیویەتی، بە پشتبەستن بە ڕێسا نوێیەکان، بانکە عێراقییەکان دەبێت لە رێگەی پلاتفۆرمی نوێی ئۆنلاینەوە مامەڵەی دۆلارەکانیان پێشکەش بە بانکی ناوەندی بکەن، کە دواتر لەلایەن بانکی فیدراڵیی نیویۆرکەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم کارە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سیستمی بانکیی عێراقە وەک ئامرازێک بۆ ناردنی دۆلار بۆ تاران و دیمەشق و پەناگەکانی تری سپیکردنەوەی پارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بابەتی پێشتر

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەهۆی پشتێنی سەلامەتییەوە سزادەدرێت

بابەتی دواتر

كەنەدا ژمارەیەك ژن و منداڵ لە كامپەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە دەگەڕێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دۆلار جێگیرە

نرخی دراوە بیانییەكان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی کانونی دووەم، لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە…
Total
0
Share