كازم ساهر بۆ كەنداو 25 چی كردووە؟

دوای ئەوەی رایگەیاندبوو كە كازم ساهر لە ئاهەنگی دەستپێكی پاڵەوانێتیی جامی كەنداو 25ـدا بەشداردەبێت، كاربەدەستێكی عێراقی دەڵێت، “تا ئێستا نازانین بەشداری دەكات یاخود نا”.

رۆژی هەینیی داهاتوو پاڵەوانێتیی جامی كەنداو 25 لە بەسڕە دەستپێدەكات و پێشتر پارێزگاری بەسڕە رایگەیاندبوو، هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ كازم ساهر و رەحمە ریاز، ئاهەنگی دەستپێكردنی پاڵەوانێتییەكە سازدەدەن.

لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی بەشداریكردنی كازم ساهر لەو بۆنەیەدا، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە رایگەیاند، “تا ئێستا یەكلانەبووەتەوە كە ساهر بەشداریی ئاهەنگی كردنەوەی پاڵەوانێتییەكە دەكات یاخود نا، بەڵام رەحمە ریاز جەختیكردووەتەوە لەوەی بەشداردەبێت”.

عیدانی دەڵێت، لە دوبەی لەگەڵ كەریم عێراقیی شاعیردا كۆبووەتەوە و باسی ئامادەبوونی كازم ساهریان كردووە لە جامی كەنداو 25ـدا، بەڵام هێشتا نازانرێت دوایین بڕیاری كازم چییە؟.

لەبارەی هەمان پرسەوە، کەریم عێراقیی شاعیر كە تێكستی بۆ زۆرینەی گۆرانییەكانی كازم ساهر نووسیوە ئاشكرایكردووە، تێكستی ئۆپێرای تایبەت بە کردنەوەی پاڵەوانێتیی جامی کەنداو 25ـی نووسیوە و کازم ساهر ئاوازی بۆ داناوە و تۆماریش کراوە، بەڵام دیارنییە خوودی كازم ساهر لە كردنەوەی جامی كەنداو 25ـدا بەشداردەبێت یان نا.

بەپێی نووسراوێك كە لە میدیای عێراقیدا بڵاوكراوەتەوە و واژووی عەدنان دەرجال وەزیری وەرزش و لاوانی عێراقی لەسەرە، پێش زیاتر لە شەش مانگ وەزیر بە فەرمی داوای لە كازم ساهر كردووە بەشداربێت لە ئاهەنگی كردنەوەی كەنداو 25 یاخود ئاهەنگی كۆتایی پاڵەوانێتییەكەدا.

بابەتی پێشتر

ئەو خواردنانەی خەمۆکی وەرزی کەمدەکەنەوە

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: بەفر و باران دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما دادەبەزن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share