وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڵاویکردەوە، خولی راهێنان و شیاندن بۆ ئەو دەرچووانەی بەشی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری دەکرێتەوە کە لەماوەی رابردوودا فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، “لەچوارچێوەی پلانی لیژنەی بالای دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری، لە ژێر رۆشنای یاسایی ژمارە 20 و رێنمایی ژمارە 4 تایبەت بە سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان لە کەرتی تایبەت، بۆ لەمەودوا لەسەر ئاستی بەرێوەبەرایەتیی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر ،دهۆک، هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، زاخۆ، ڕاپەرین، گەرمیان لەلایەن لیژنەی زانستیی و تەکنیکی خولەکانی راهێنان و شیاندنی تایبەتە بەو دەرچووانەی کە فۆڕمی دامەزراندنیان لە ماوەی رابردوودا پرکردووتەوە دەستپێدەکات، بەپێی خشتە و تایبەتمەندی گروپی پسپۆڕییەکان”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ” هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە کە لە رێگەی راگەیاندنی وەزارەتمان و لینکەکانی راگەیاندنی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادارییەکان و زانیاری دەربارەی خولەکان و ناوی بەشداربووانی خول بڵاو دەکرێنەوە”.
ئاشکراشیکرد، “سەرجەم دەرچووان دڵنیادەکەینەوە کە دەرفەتی بەشداریکردن لە خولەکان بۆ هەمووان رەخسێنراوە، بەپێی پلان و خشتەی دیاریکراوی وەزارەت و هەماهەنگی نێوان لیژنەی باڵا و لیژنەی لاوەکی لە فەرمانگەکانی وەزارەت بەچەند قۆناغێکی لە دوای یەکتری”.