كەشناسیی هەرێم وردەكاریی پێشبینییەكان لەبارەی ئەو شەپۆلی باران و بەفرە ئاشكرادەكات كە چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژی چوارشەممەوە شارەكانی هەرێم بگرێتەوە.
لە پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێمدا هاتووە، كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور روو لە بەشەكانی باشووری عێراق دەكات، بەهۆیەوە شەپۆلێكی باران بارین روو لە ناوچەكە دەكات، كاریگەری ئەم شەپۆلە رۆژی چوارشەممە درێژدەبیتەوە بۆ سەر بەشێك لە ناوچەكانی هەرێم.
دەشڵێت، باران بارین سەرەتا لە ناوچەكانی باشووری هەرێم دەستپێدەكات، پاشان درێژدەبێتەوە بۆ سەر سنووری پارێزگای هەڵەبجە و پاشان سنووری پارێزگای سلێمانی و لە كاتەكانی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بۆ سەر تەواوی ناوچەكەمان درێژدەبێتەوە.
بەپێی پێشبینییەكان سەرەتا باران بارین بە ئاستی جیاجیا دەبارێت، پاشان دابارین لە ماوەی هاتنی كاریگەریی ئەم شەپۆلە بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت، هەندێك كات لێزمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، “بەڵام بەو رێژەیە نابێت كە كاریگەریی لافاوی هەبێت”.
كەشناسیی هەرێم روونیشیكردەوە، لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە، بارستە هەوایەكی سارد روو لە ناوچەكەمان دەكات لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان و لوتكەی شاخە بەرزەكان بەفر بارین دەبێت.
سەبارەت بە پلەكانی گەرماش دەڵێت، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پلەكانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەكات، رۆژی پێنجشەممە كاریگەریی ئەم شەپۆلە كۆتایی دێت.
لە كاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئاسۆ شێخ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لە سبەی سێشەمەوە بۆ کاتەکانی شەو کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەردەکەوێت، کە بەهۆیەوە شەپۆلێکی بارانبارین ئەو ناوچانە دەگرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بۆ رۆژی چوارشەممە کاریگەریی ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە درێژدەبێتەوە بەرەو هەرێمی کوردستان لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەییەکانی لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان دەردەکەوێت و لەوێوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و دەوروبەری، بەهۆیەوە بارانبارین ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە”.