بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رایدەگەیەنێت، مەرزەكە داناخرێت و ئەو كەسانەش ئاگاداردەكرێنەوە كە بەنیازن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بكەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتییان و گەشتیاران دەكەین كە مەرزەكە داناخرێت و كراوە دەبێت و جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی ئاساییە و 24 كاتژمێر كراوەیە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، و ئەو گەشتیارانەی بە ئۆتۆمبیلی خۆیان لە جۆرەكانی ( لاندكرۆزر، ڕانج ڕۆڤەر، مارسیدس، تۆیۆتا هایلۆكس) بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران گەشتدەكەن دوای ئەوەی رێوشوێنە یاساییەكانی گومرگ و دەفتەرگومرگی تەواودەكەن پێویستە(بەڵێننامەی دادگا و كارتی نیشتمانی و ساڵنامەی ئۆتۆمبێل) بە ناوی خۆیەوە بێت كە لە دیوی ئێران داوای لێدەكرێت و بەبێ ئەو بەڵگەنامانە ڕێگەی پێنادرێت گەشتەكەی ئەنجامبدات و دووبارە ئاگاداری هەموولایەك دەكەینەوە كە هاتوچۆ و جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی ئاساییە و ڕاناگیرێت.