سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی کانونی دووەم لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا ڕایگەیاند، کۆی ئەو کەیسانەی گەندەڵی کە لەبەردەستیاندایە 682 کەیسە و لەو ژمارەیەش 158یان لە قۆناغی دادگاییکردندان.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم ڕایگەیاند، گەندەڵی ئێستا بووە بە کێشەیەکی جیهانیی و سنوری وڵاتانی بەزاندووە، لەوانەش تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە و شاردنەوەی داهات و گرێبەستە گەورەکان.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت، “عێراق لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە گەندەڵییان تێدایە بەپێی ڕیزبەندی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا بەشێکی ئەو گەندەڵییە دەیگرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەربڵاوی ڕێگاکانی گەندەڵی سەرجەم سێکتەرەکانی گرتووەتەوە زیانی ئابوری زۆری گەیاندووە، لە داگیرکردنی موڵکی گشتی و سودمەندبوون لە داهاتی گشتی ڕەنگیداوەتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر ڕاشیگەیاند، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە حکومەت پرۆژەی چاکسازی پەسەندکرد و یاساکەشی ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە بەڵام چنە ئاستەنگێکی هاتووەتە بەردەم کە سەرەکیترینیان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە دەوامی فەرمانگەکانی کەمکردەوە و ڕێگربوو لە جێبەجێکردنی یاساکە بە تەواوی.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی وتیشی، “هەرێمی کوردستان ئێستا لە ڕەوشێکی خراپی سیاسی، ئابوری و کارگێڕیدایە، کە پێویستی بە سەروەرکردنی یاسا و بنەبڕکردنی دیاردەکانی زیادەڕەوی و کۆنترۆڵکردنی گومرگەکان و دەروازە سنورییەکان هەیە، پێویستی بە کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتەکان هەیە، پێویستی بە پوختکردنەوە و کەمکردنەوەی وەزارەت و دامودەزگاکان هەیە”.
سەبارەت بە ئامارەکانی دۆسییەکانی گەندەڵی ڕایگەیاند:
– لە ئەمساڵدا 68 داوای هەواڵدەرییمان پێگەیشتووە، ساڵانی پێشوو 191 داوای هەواڵدەری کۆی گشتی 260 داوای هەواڵدەریمان لایە.
– لە ئەمساڵدا 163 داوای سزاییمان پێگەیشتووە، ساڵانی پێشوو 218 داوای سزایی هەبووە کۆی گشتی دەکاتە 361 داوای سزایی.
– 85 داوا ڕەوانەی دادگاکانی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵی کراون و 35 داواش ڕەوانەی دادگاکانی دیکە کراون، کۆی گشتی دەکاتە 116 دۆسیە.
– لەو ژمارەیە 26 کەس سزا دراون، 158 کەسیش لە قۆناغی دادگاییکردندان.