نوێنەرێكی بانكی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، عێراق بە دووەم وڵاتی جیهان دادەنرێت لەڕووی سووتاندنی غاز، بۆ ئەوەش چەند چارەسەرێك بۆ كەمكردنەوەی دەردراوەكانی نەوت و سووتاندنی غاز دەخاتەڕوو.
ریچارد عەبدلنور، نوێنەری بانكی نێودەوڵەتی رایگەیاند، راپۆرتێك سەبارەت بە گۆڕانی ئاووهەوا و پەرەپێدان لە عێراق دەریدەخات كە عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەدایە كە كاریگەرە بە گۆڕانی ئاووهەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و كەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەكان كە وڵاتەكە پشتیپێدەبەستێت نەك تەنها بۆ خواردنەوە بەڵكو لە لایەنەكانی ئابوری، كشتوكاڵی و ئاسایشی خۆراك.
میدیای فەرمی عێراق لە زاری عەبدلنور وتیشی، “عێراق خاوەن سەرچاوەی نەوتیی گەورە و گرنگە، لەهەمان كاتدا دەردراوی كاربۆنی لەسەر ئاستێكی باڵا هەیە، لەكاتێكدا چارەسەری گەورە هەیە بۆ كەمكردنەوەی دەردراوەكان لەلایەنی نەوتی و سووتاندنی غاز” ئاماژەی بەوەشكرد، “عێراق بە دووەم وڵات لە جیهاندا دادەنرێت كە رێژەیەكی زۆری سووتاندنی غازی هەیە”.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی بانكەكە چارەسەرەكە خۆی دەبینێتەوە لە سوودوەرگرتن لە غاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، هێنانەدی هەلیكار، سەرەڕای بەكارهێنانی وزەی نوێبووەوە و پاكژ.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەلێكی گەورە لە عێراق هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەم كەرتە كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەردراوەكان، گەشەپێدانی كەرتی نانەوتی و گرنگ بۆ ئابوریی عێراق.