بومەلەرزەیەك بە گوڕی 6.2 پلە لە قوڵاییەكانی كەناراوەكانی رۆژهەڵاتی تایوان روویدا، وەك ئەوەی دەستەی كەشناسیی دوورگەكە بڵاویكردەوە.
بەپێی دەستەكە بومەلەرزەكە لە دووریی 30 كیلۆمەتر لە كەناراوەكانی كەرتی هالین و لە قوڵایی تەنها شەش كیلۆمەتری سەر رووی دەریاوە روویداوە، دانیشتووانی تایپێ-ی پایتەخت هەستیان پێكردووە.
تائێستا زانیاریی لەبارەی زیانی گیانی یان ماددی بەهۆی بومەلەرزەكەوە ئاشكرانەكراوە.
تایوان بەشێوەیەكی بەردەوام رووبەڕووی بومەلەرزە دەبێتەوە بەهۆی هەڵكەوتەی ناوچەكەیەوە.
ئەو بومەلەرزانەی گوڕەكەیان لە 6 پلە زیاترە بەشێوەیەكی گشتی زیانی گیانی هەیە، سەرەڕای ئەوەی بەهێزیی بومەلەرزە تەنها هۆكاری دیاریكردنی قەبارەی زیانەكان نییە، بەڵكو شوێنی روودانی و قوڵاییەكەی بەهەمان شێوە رۆڵیان هەیە.