هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، لەئێستادا کاری لەپێشینەی یەکێتی دەستەبەرکردنی موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمە.
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 8ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، لەئێستادا کاری لەپێشینەی یەکێتی دەستەبەرکردنی موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە و بۆ ئەمەش پێویستە سەرجەم حیزبە کوردستانییەکان یەکدەنگبن و گفتوگۆی خێرا لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکەن لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
وتیشی، “یەکێتی سەرجەم هەوڵ و پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی موچەی هاوڵاتییان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان”.
ئەو وتانەی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر لەمیانەی پێشوازیکردنیدا بوو لە ئۆلیڤییێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، لە دیدارێکدا کە سۆران جەمال تاھیر، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو بە وردی پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکراوە.
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەش کردەوە، یەکێتی لە ئێستادا کاردەکات بۆ سەرخستنی بەرنامەی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ھەرێم.