پارێزگاری هەولێر دەستگیركردنی چەند كەسێكی ڕاگەیاند

پارێزگاری هەولێر لەبارەی پشێوییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شارەكەوە ئاشكرایكرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە توانراوە چەند “تاوانبارێك” دەستگیربکرێن.

لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمرۆ سێشەممە 8ی كانونی یەكەم هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت ڕایگەیاندووە، “دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی تەقەکردن و کوشتن و شەڕ و ئاژاوە لەناو شاری هەولێر ڕوویاندا، کە بەداخەوە چەند کەسێکی نابەرپرس لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی و مامەڵەکردن و قەرزاری ئەنجامیاندابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر لە ئاسایش و زێرەڤانی و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ کە بە شەوڕۆژ لە ئەرکدان بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و دەرچووان لە یاسا توانرا چەند کەسێک لەو تاوانبارانە دەستگیربکرێن”.

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو، “توانراوە دەستیش بەسەر چەند چەکێک و ئۆتۆمبێلێکدا بگیرێت کە بەنایاسایی بەکارهاتوون، وێڕای دەستخۆشیمان لە هێزە ئەمنییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، وەک پارێزگای هەولێر سەرجەم هێزەکانمان دەستکراوە کردووە لە ئیجرائات وەرگرتن و دەستگیرکردنی هەرسەرپێچیکارێک کە چەکی بێ مۆڵەتیان هەڵگرتبێت یان ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆبەکاربهێنن”.

ئاشكراشیكردووە، “هەموو ئەو کەسانەشی کە کارمەندی ئەمنین یان سەربازین لەدەرەوەی شوێنی کارکردنی فەرمی خۆیان چەکیان پێبێ یان ئۆتۆمبێلی سەربازی بەکاربهێنن، ئەوا دەستبەجێ دەستگیر دەکرێن و دەست بەسەر چەک و ئۆتۆمبێلەکانییان دەگیرێت و پاشان ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر”.

هێمن قادر ئاماژەی بەوەشكردووە، “لێرەشەوە جارێکی تر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە کە بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، سەروماڵیان دەپارێزین و داواش لە هاوڵاتییان دەکەین هاوکارمان بن”.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا تایبەت بە عێراق دڵنیایی دەدات

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: کاری لەپێشینەی یەکێتی دەستەبەرکردنی موچە و بودجەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share