كەپسولی ئۆریۆن گەڕایەوە سەر زەوی

پاش نزیكەی مانگێك لە گەشتێك بۆ بۆشایی ئاسمان و ئەنجامدانی ئەركەكەی لە دەوروبەری مانگ، كەپسولی ئۆریۆن لە نزیك كەناراوەكانی مەكسیك نیشتەوە، بەوەش ئەركی یەكەمی بەرنامەی گەڕانی ئەرتیمیس-ی تەواوكرد پاش 50 ساڵ لە دواهەمین نیشتنەوەی ئەركی ئەپۆلۆ لەسەر رووی مانگ.

كەپسولی ئۆریۆن-ی سەر بە ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریكی (ناسا) دوێنێ یەكشەممە 11ی كانونی یەكەم لە زەریای هێمن نیشتەوە لە كۆتایی ئەركی ئەرتیمیش 1 پاش ئەوەی زیاتر لە 25 رۆژی لە دەوروبەری مانگ بەسەربرد بەمەبەستی ئامادەكاریی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆسەر رووی مانگ لە ساڵانی داهاتوودا.

ئامانجی بەرنامەی ئەرتیمیس، كە لەسەر ناوی خواوەندی مانگی یۆنانی ناونراو، ئامانج لێی جارێكی دیكە ناردنی كەشتیوانانی ئاسمانیی ئەمریكییە بۆسەر مانگ، لە ساڵانی داهاتوودا، لەنێویشیاندا بۆ یەكەمجار ژنێك و كەسێكی رەشپێست.

ئامانجی سەرەكیی ئەركە ئاسمانییەكە تاقیكردنەوەی رووكارە گەرمیپۆشەكەی كەپسولەكە بوو، كە گەورەترینی ئەوانەیە تائێستا دروستكرابێت.

سەركەوتنی ئەركەكە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ناسا كە دەیان ملیار دۆلاری بۆ بەرنامەكە تەرخانكردووە بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ مانگ و ئامادەكاری بۆ گەشت لە داهاتوودا بەرەو مەریخ.

چاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە ناسا ناوی ئەو كەشتیوانە ئاسمانییانە ئاشكرابكات كە هەڵبژێردراون بۆ ئەركی (ئەرتیمیس 2) كە بڕیارە لە ساڵی 2024دا ئەنجامبدرێت، دەچێتە خولگەیەك بە دەوروبەری مانگدا بەبێ نیشتنەوە لەسەری. هەرچی ئەركی (ئەرتیمیس 3)یە بڕیارە بە فەرمی لە ساڵی 2025دا ئەنجامبدرێت و رێگەی نیشتنەوەی دەدرێت لەسەر بەشی باشووری مانگ كە تیایدا بوونی ئاوی بەستوو تۆماركراوە.

بابەتی پێشتر

فەرماندە ئاکام عومەر شەهیدبوو

بابەتی دواتر

فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان: فەرماندە ئاکام بەڵێنەکەی بەجێهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شارەزایان هۆشداریدەدەن: زیرەكیی دەستكرد بۆ دروستكردنی چەكی بایۆلۆجی بەكاردەهێنرێت

شارەزایان هۆشداریدەدەن لەوەی پێشكەوتنەكانی زیرەكیی دەستكرد دەبێتە مەترسیی گەورە، وەك هەڕەشە تیرۆرستان بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیاكە بۆ دروستكردنی چەكی…
Total
0
Share