گەلاوێژ كەی دەكەوێت و چ پەیوەندییەكی بە دابەزینی پلەكانی گەرماوە هەیە؟

ئەستێرەی گەلاوێژ

دەركەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ هەر لە كۆنەوە لەناو كورددا بەهۆكاری فێنكبوونی كەشوهەوا دانراوە و شارەزایەكی كەشناسی-ش وردەكارییەكەی ئاشكرایدەكات.

ئەستێرەی گەلاوێژ Sirius درەوشاوەترین ئەستێرەی ئاسمانە بۆ دیدی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی، گەلاوێژ ئەستێرەیەکە شەبەنگی تیشکەکەی لە جۆری A0 و A1 دایە، دوورییەکەی 8.6 ساڵی تیشكیە لە کۆمەڵەی خۆرەوە، ئەمەش بە پێوەری فراوانی گەردوون زۆر بە نزیک دادەنرێت.

لوقمان حەوێز، شارەزای كەشناسی و ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسی تێكساس ڕایگەیاند، باستەی ئەستێرەی گەلاوێژ نزیکەی دوو ئەوەندەی بارستەی خۆرە، تیرەکەی 1.71 هێندەی تیرەی خۆری ئێمەیە، پلەی گەرمی سەر ڕووەکەی نزیکەی 9600 پلەی سەدییە، بەگشتی ئەستێرەی گەلاوێژ زۆر لە خۆری ئێمە درەوشاوەترە، ئەگەر لەهەمان دووریدا تەماشای هەردووکیان بکەین دەبینین کە گەلاوێژ 26 جار لە خۆر درەوشاوەترە.

وتیشی، “ئەستێرەی گەلاوێژ تاق و تەنیا نیە، بەڵکو ئەستێرەیەکی دووانەیە، جگە لەخۆی ئەستێرەیەکی قەزەمی سپیشی لەگەڵدایە، وەکو دووانەیەک لە ماوەی 50 ساڵدا جارێک هەردووکیان بە دەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە، ئەو ئەستێرە درەوشاوەی دەیبینین بە Sirius A دەناسرێت و ئەوەی تر کە تەنیا بە تەلەسکۆپ دەبینرێت بە Sirius B دەناسرێت”.

گەلاوێژ لە ئاسمانی نیوەی باکووری هەسارەی زەوی لە زستانان زۆر جوان دیارە بە درێژایی شەو، لە کوردستاندا لە مانگی کانوونی دووەم لە دوای نیوە شەوان لە ناوەڕاستی ئاسمان هەندێک بە دیوی ئاسمانی باشوور دەبینرێت، وەك ئەوەی ئەو شارەزایەی كەشناسی ئاماژەی پێدا و وتی، “یەکەم هەڵاتنی لە ساڵدا لە بەرەبەیانەکانی کوردستان بەشێوەیەک بتوانرێت بە چاو ببینرێت دەکەوێتە نێوان 5ی ئاب بۆ 10ی ئابی هەموو ساڵێک، ئەو کاتەش بۆ بینینی دەبێت بەرەبەیانەکەی لە شوێنێکی هەندێک بەرز وەکو سەر گردێک یان باڵەخانەیەکی بەرزەوە تەماشا بکرێت”.

بینینیشی چەند خولەکێک پێش خۆرهەڵات لە ئاسۆی خۆرهەڵات بە گۆشەی نزیکەی 40 پلە لە تەنیشت خۆرهەڵاتەوە بە دیوی باشوور دەبینرێت.

لوقمان حەوێز ئاماژەی بەوەشدا، دەتوانرێت ئەمساڵ 2022 بۆ دۆزینەوەی سوود لە هەسارەی ڤینۆس وەربگیرێت، چونکە ڤینۆس زۆر بەجوانی دەردەکەوێت لە ئاسۆی خۆرهەڵات پێش هەڵاتنی خۆر، بەڵام ئەستێرەی گەلاوێژ لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا دەتوانرێت زۆر جوانتر ببینرێت ڕێک لەسەر ئاسۆی خۆرهەڵات نزیکەی چارەکێک پێش خۆرهەڵات دەبینرێت لە دیوی باشووری هەسارەی ڤینۆس.

ئەو شارەزایە ڕوونیشیدەكاتەوە، هەڵکەوتەی کاتی هەڵاتنی ئەستێرەی گەلاوێژ لە بەرەبەیاناندا لەو کاتەدا کە دەوروبەری ناوەراستی مانگی ئابە کە بەگشتی پلەکانی گەرما لە بەرەبەیانان بە تایبەتی لە دەیەها و سەدەها ساڵی ڕابردوودا دوو سێ پلە کەمتر بۆتەوە بە بەراورد بە مانگی حەوت وایکردوە لە کوردستان بە هۆکارێکی فێنک بوونەوەی کەشوهەوا دابنرێت، لەبەرئەوەی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە بەرەبەیانان و دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ هاوکاتی یەکتر بوون بۆیە لەنێو کورد وا باو بووە کە هەڵاتنی گەلاوێژ هۆکاری ئەو فێنک بوونەوەیەیە.

دووپاتیشیدەكاتەوە، بەڵام ئەم بۆچوونە ڕاست نیە و زانستی نیە، دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ هیچ پەیوەندی بە دابەزینی پلەکانی گەرماوە نیە لەسەر زەوی، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەو دوو ڕووداوە هاوکاتی یەکترن بۆیە ئەو تێگەیشنە باو بووە لەنێو خەڵکدا.

بابەتی پێشتر

بێفڕۆكەوانی ئێرانی كەوتە شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاوە

بابەتی دواتر

شارەزوور.. گەنجێك بە گولـلە كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share