سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند، بە هاوکاریی هاوبەشی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا لە ئیستۆنیا، ئەڵمانیا، لاتڤیا، لیتوانیا و پۆڵەندا، بە پاڵپشتی دەزگای جێبەجێکردنی یاسای ئەوروپی یۆرۆپۆل، ئەندامانی سەر بە تۆڕێکی بەرفراوانی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستگیرکران کە ئاسانکاری تەواوی بۆ کۆچبەران کردووە بۆ تێپەڕاندنیان لە عێراقەوە بۆ بێلاڕوسیا و دواتر بۆ یەکێتی ئەوروپا.
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، “بە هاوکاریی هاوبەشی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا لە ئیستۆنیا، ئەڵمانیا، لاتڤیا، لیتوانیا و پۆڵەندا، بە پاڵپشتی دەزگای جێبەجێکردنی یاسای ئەوروپی یۆرۆپۆل، ئەندامانی سەر بە تۆڕێکی بەرفراوانی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستگیرکران کە ئاسانکاری تەواوی بۆ کۆچبەران کردووە بۆ تێپەڕاندنیان لە عێراقەوە بۆ بێلاڕوسیا و دواتر بۆ یەکێتی ئەوروپا”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ” لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بەم تۆڕە لە سەرەتای ساڵی 2022 دەستیپێکردووە کە تا ئێستا 61 ئەندامی گروپەکەیان دەستگیرکردووە و دوایین پرۆسەی دەستگیرکردن چوارشەممەی رابردوو ئەنجامدراوە”.
باسی لەوەش کرد، ” تۆڕەکە پشتی بە تورکیا بەستووە وەک وێستگەیەکی سەرەکی ترانزێت، بەو پێیەی کۆچبەران دوای ئەوەی لە عێراقەوە بۆ روسیا راکێشراون، دواتر لە بیلاڕوسەوە بەرەو یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی لاتڤیا و لیتوانیا و پۆڵەندا گەشتیان کردووە، پاشان بە پلەی یەکەم بەرەو ئەڵمانیا بەردەوام بوون و ژمارەیەکیان بۆ فینلاند رۆیشتوون”.
ئاشکراشی کرد، “تۆمەتبارەکان بە زۆری تورکی و سوریین پەیوەندی کەسییان نەبووە، ژمارەیان لە نێوان سێ هەزار بۆ 15 هەزار مەزندە دەکرێن، گەشتی کۆچبەریان رێکخستووە بەتایبەتی بۆ کۆچبەرە عێراقییەکان لە بەغداوە بۆ یەکێتی ئەوروپا”.