نەتەوە یەكگرتووەكان: داعش كیمیایی لە عێراق بەكارهێناوە

شارەزایانی نێودەوڵەتی ئاماژە بە بوونی بەڵگە دەكەن دەربارەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن داعشەوە لەو ماوەیەدا كە “خەلافەت”یان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لە عێراق راگەیاند.

راپۆرتێكی تیمی لێكۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەو تاوانانە دەكات كە لەلایەن رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئەنجامدراوە بەمەبەستی برەودان بە لێپێچینەوە لە رێكخراوەكە و ئەندامانی لەڕێی كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و شایەتی شاهێدحاڵان سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە عێراق لەماوەی “خەلافەتەكەیاندا” لەنێوان ساڵانی 2014 و 2019.

شارەزایان لە راپۆرتەكەیاندا دەڵێن، داعش “موشەك و هاوەنی كیمیایی و تەقەمەنی كیمیایی بۆ مووشەك و كڵاوەی جەنگیی كیمیایی و چەندین كەلوپەلی جەنگیی دەستكری دروستكردووە”.

راپۆرتەكە جەختیكردووەتەسەر بەڵگەیەك كە “گرتنەبەری رێوشوێنی دارایی، لۆجیستی و رێكخستنی پەیوەندیدار بە كڕین و پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی سەرەوە” دەسەلمێنێت.

لێكۆڵەران بەتایبەت بەدواداچوونیان بۆ ئەو هێرشە كردووە كە لە شارۆچكەی خورماتوو لە 8ی ئازاری 2016دا ئەنجامدرا و دووپاتیدەكەنەوە كە “بڕێكی زۆری بەڵگەیان” كۆكردووەتەوە.

چەندین ماددەی كیمیایی لە چەكەكانی رێكخراوەكەدا بەكارهێنراون لەوانەش “فۆسفیدی ئەلەمنیۆم، كلۆر، سیانید، نیكۆتین، ریسین و كبریتانی سالیۆم”، وەك ئەوەی لێكۆڵەران ئاشكرایانكردووە.

راپۆرتەكە تیشكیشی خستووەتەسەر ئەو دۆخە تەندروستییە بەردەوامەی لەنێو دانیشتووانی خورماتوو بەدیدەكرێت لەوانە نەخۆشیی درێژخایەن، شێرپەنجە، ئاكامە لاوەكییەكانی پەیوەندیدار بە وەچەخستنەوە، سەرەڕای تاوانی گەورەی دیكەی وەك توندوتیژیی سێكسی، فشارخستنەسەر مەسیحییەكان و ئەودوای پێكهاتەكان و لەناوبردنی كەلتوور و ژێرخانی رۆشنبیری و ئاینی.

لە 29ی حوزەیرانی 2014 رێكخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام”ی ئەوكات دامەزراندنی “خەلافەی ئیسلامی” لە رووبەرێكی فراوانی عێراق و سوریا راگەیاند.

بەڵام لە ساڵی 2017دا شكستی سەرەتایی لە عێراق چنییەوە، پاشانیش لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە پاڵپشتیی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 23ی ئازاری 2019 شكستهێنان بە رێكخراوە پەرگیرەكە راگەیەنرا.

بابەتی پێشتر

سەدان كۆچبەر لە فەرەنسا داوادەكەن بە ناكامڵ ئەژماربكرێن

بابەتی دواتر

بێگەرد تاڵەبانی: تا ساڵی 2030 لە جیهاندا بەرهەمە ئۆرگانییەكان گرنگی پێدەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share