وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژە بۆ سنوورداری بەرهەمی گەنم لەمساڵدا دەکات، راشیگەیاندووە لەگەڵ ئەوەی پەرەیان بە تۆوی گەنم داوە بۆ بەرهەمی زیاتر بەڵام 80%ی جوتیارانی عێراق تۆوی پلە باڵا بەکارناهێنن.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، تەنها 20%ی جوتیاران تۆوی پلە باڵای گەنم بەکاردەهێنن، زیاتر روو لە کڕینی ئەو تۆوانە دەکەن کە پێیاندەوترێت تێکەڵە.
بەپێی وتەی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ هۆکاری بەکارهێنانی ئەو جۆرە تۆوە لەلایەن جوتیارانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بڕی بەرهەمی بە وردی دیاریدەکرێت، بۆیە تۆوە پلە باڵاکان و کوالێتی بەرزەکان تەنها لە چەند شوێنێک دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، جوتیار دەتوانێت بە بەکارهێنانی تەکنیکی ئاودێریی گونجاو و گەنمی پلە باڵا بەرهەمەکانی بگەیەنێتە دوو تۆن و 500 کیلۆگرام بۆ هەر دۆنمێک.
روونیکردەوە، بەرهەمی گەنم کەمدەبێت ئەگەر پشت بە ئاوی باران ببەسترێت بۆ هەروەها زۆر کەمتر دەبێت ئەگەر ئاوی ژێر زەوی بەکاربهێنرێت بۆیە شێوازی ئاودێری کاریگەریی زۆرە لەسەر بەرهەم.
جەختیکردەوە، کە کوالێتیی تۆوی گەنم و بەرهەمهێنانی نزیکەی 300% زیادیکردووە بەڵام لەم وەرزەدا گەنمی ئێمە بەرهەمی بەوجۆرەنابێت چونکە 80%ی جوتیارانمان ئەو تۆوە کوالێتی بەرزە بەکارناهێنن.