ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان بەردەوامن.. ئەمڕۆ چی ڕویدا؟

دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی سەیدسادق

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان دژ بە دۆخی دژواری ئابوری هاوڵاتییان درێژەیان هەیە و ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەكی سەر بە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانی توند ڕویاندا و بەهۆیانەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر بونە قوربانی.

دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ی كانونی یەكەم لە قەزای ڕانیەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای سەیدسادق لە شارەزوور بوون.

لە سەیدسادق خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایەسەر بارەگای سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و سوتاندیانن.

هەروەك بینای قایمقامیەت و ماڵی قایمقامی قەزاكە سوتێنرا. لەو خۆپیشاندانانەدا كە تا پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ درێژەیان كێشا دوو خۆپیشاندەر بە فیشەك برینداربوون، هاوڵاتییەكیش بە تۆمەتی لایەنگیری لایەنێكی سیاسی لەلایەن بەشێك لە خۆپیشاندەرانەوە پەلاماردرا و برینداربوو.

دیاری ڕەفیق، قائیمقامی سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە خۆپیشاندانەکەدا دوو خۆپیشاندەر بە فیشەک برینداربوون.

وتیشی، “یەکێکیان گەنجێکی تەمەن 16 ساڵ و ئەوی دیكەشیان گەنجێکی دیکەی 25 ساڵە و گەیەنراونەتە نەخۆشانە”.

لە ڕانییە-ش خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بازاڕی قەزاكە دەستیپێكرد و خۆپیشاندەران دروشمی دژ بە حكومەت و لایەنە سیاسیەكانیان دەوتەوە.

لەو خۆپیشاندانەشدا گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا دروستبوو و لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا كرا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لەو قەزایە تۆمارنەكراوە.

دوو گەنجی تەمەن 26 و 20 ساڵان لە چەمچەماڵ و كفری كوژران

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە ‌چه‌مچه‌ماڵ خۆپیشاندان دەستیپێكرد و رێگای سەرەكی سلێمانی-چەمچەماڵ بۆ ماوەیەك گیرا.

دواتر خۆپیشاندانەكە بەرەو بارەگای لایەنە سیاسییەكان ئاراستەكەی گۆڕا و بەهۆی دروستبوونی گرژییەوە خۆپیشاندەرێك كوژرا و دوو كەسی دیكەش برینداربوون.

كوژراوەكە تەمەنی 26 ساڵە و گولەی بەركەوتووە.

ئەمشەویش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان گەیشتە گەرمیان و لە كفری بە سوتاندنی بارەگای لایەنە سیاسیەكان دەستیپێكرد و بەهۆی گولەی چەكدارانیشەوە خۆپیشاندەرێكی گەنجی تەمەن 20 ساڵان كوژرا.

هەر ئەمشەو خۆپیشاندان لە دەربەندیخان دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران لە بارەگای پارتی نزیكبوونەتەوە و دەیانەوێت بچنە ناو بارەگاكەوە و ناوبەناو دەنگی تەقە دەبیسترێت. لە كەلاریش خۆپیشاندان دەستیپێكرد و لە ئاكامی تەقەكردندا منداڵێك برینداربوو و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

تائێستا تەنها لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی ناوچەكانی دەوروبەری سلێمانی-دا سێ كەس كوژراون و پێنجی دیكەش برینداربوون.

مەسرور بارزانی: هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک

لە پەیامێكیدا بەهۆی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستانەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و دونیای گرتووەتەوە، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە تا ئێستا نەیناردووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، هەموو نەرمییەکیشی نواندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، کەچی بەداخەوە خەڵکانێک دەیانەوێ بژێویی خەڵک بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانووی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان هەوڵی تێکدان و سوتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی وتووە، “بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاوڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپیشاندانی ئاشتییانە و شارستانییانەش، بە مافێکی ڕەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک”.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی ئارامی و قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە ئەرکی هەموومانە”.

دۆخی سه‌ختی سیاسیی و حكومڕانیی، پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتن و یه‌كڕیزیی هه‌یه

سەبارەت بە خۆپیشاندان و گرژییەكانی ئەمڕۆ و ڕۆژانی ڕابردوو هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا دەڵێت، ‎وه‌ك هه‌میشه‌؛ پشتیوانیی له‌ داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و داكۆكیی له‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوو تاقه‌تپڕوكێن و درێژخایه‌نه‌كان و، ئازادیی ڕاده‌ربڕین و مێدیاو چالاكیی و ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕین و خۆپیشاندانی هێمنانه ‌و مه‌ده‌نیانه‌ و، دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن و توندوتیژیی و، پێداگریی له‌ ته‌جریمكردنی شه‌ڕی یه‌كتریی و ته‌حریمكردنی یه‌كترسڕینه‌وه‌؛ ده‌كه‌ین.

لە پەیجی خۆی نوسیویشیەتی، “‎ده‌ستبردن بۆ شكۆ و ژیان و ژینگه ‌و كار و كه‌سابه‌ت و بژێویی و موچه‌ و كاسه ‌و گیرفان و ده‌ره‌تانی هاووڵاتیان؛ به‌ ناڕه‌وا ده‌زانین”.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوەشدەكات، ‎دۆخی سه‌ختی سیاسیی و حكومڕانیی و ئابوریی و دارایی و ته‌ندروستیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی وڵاته‌كه‌مان؛ پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتن و به‌یه‌كگه‌یشتن و كاری هاوبه‌ش و یه‌كڕیزیی میلله‌ته‌كه‌مان هه‌یه‌، پێویستی به‌ گیانی به‌رزی لێبوردن و به‌یه‌كه‌وه‌هه‌ڵكردن و هاوئامانجیی و یه‌كترقبوڵكردن و دیالۆگ و، هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیی قۆناغه‌كه‌ هه‌یه‌.

ڕۆژی چوارشەممە 2ی كانونی یەكەم خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانی-یەوە دەستیپێکرد و رۆژى دواتر خۆپیشاندانەکە گرژى لێکەوتەوە.

لە ڕۆژانی دواتریش خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەكی دیكە ئەنجامدران.

دوێنێش خۆپیشاندان لە پیرەمەگرون گرژى لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەى یەکێتى-یان سوتاند و چەند جارێكیش هەوڵیاندا بچنەسەر بارەگای پارتی بەمەبەستی سوتاندنی.

بابەتی پێشتر

شێرەكانی باخچەی ئاژەڵانی بەرشەلۆنە تووشی كۆرۆنا بوون

بابەتی دواتر

دھۆک.. تەرمی پیاوێك دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share